کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: 60٪ـی پەلەوەرخانەکان بەرهەمهێنانیان راگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی دەڵێت، هێلکە و مریشکی بەستووی تورکی و ئێرانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و وایکردووە 60٪ـی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەرهەمهێنان رابگرن. دەشڵێت، "سەرمایەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 ملیار دۆلارە، بەڵام خەریکە بەرەو مایەپووچبوون دەچن". 

 

هاوڕێ عەلی، کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت، ئاستی بەرهەمهێنانی گۆشت و هێلکە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا دوو هێندەی ئەو خواستەیە کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لەسەری هەیە، "چونکە 40٪ بەرهەمەکانمان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخ دەبێتەوە و ئەوەی دیکە هەناردەی بازاڕەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرا، بەڵام ئێستا هەر کیلۆیەک مریشک لە بەغدا 300 دینار کەمترە لە هەرێمی کوردستان."
 
هاوڕێ عەلی گوتیشی، بەهۆی ئەوەی 40٪ـی بازاڕی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بە مریشکی بەستووی تورکی پڕکراوەتەوە و تێچووی بەرهەمهێنانی مریشک لە هەرێمی کوردستان لەچاو نێوەڕاست و باشووری عێراق زیاترە، لە بەشێکی زۆری پڕۆژە پەلەوەرییەکان بەرهەمهێنان راگیراون کە نزیکەی 60٪ـی پڕۆژەکان دەکات.
 
بە گوتەی کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، "40٪ـی بازاڕی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بە مریشکی تورکی پڕ کراوەتەوە، بە قاچاخ لە ئیبراهیم خەلیل و باشماخیشەوە دێت"، هەروەک دەشڵێت، "وەزارەتی کشتوکاڵ مریشکی بەستووی قەدەخە کردووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ رێگر نییە لە هاوردەکردنی، هاوردەکردنی مریشکی تورکی لە دەسەڵاتی حکومەت گەورەترە".
 
هاوڕێ عەلی دەشڵێت، "لە تورکیا مریشکی بەستوو دوای ئەوەی لە بازاڕەکاندا دەمێنێتەوە، دەخرێنە ساردخانە و بە بەستوویی هەناردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن و هەندێک کات مریشکی بەستووی تورکی هەیە لۆگۆی کارگەی نێوخۆیی لێ دەدرێت بۆ ئەوەی لە عێراق نەگیرێت."
 
لەبارەی پشتیوانیی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ لە کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان، کارگێڕی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان دەڵێت، ئێستا سەرمایەی کەرتی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 40 ملیار دۆلارە، خەریکە بەرەو پووکانەوە دەچێت و حکومەت هیچ هەنگاوێکی جددی نەناوە بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی پەلەوەر، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق زۆر هاوکاریی خاوەن پڕۆژەکان دەکات و ئێستا بەشێک لە خاوەن کێڵگەکان خەریکی گواستنەوەی پڕۆژەکانیانن بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق.
 
هاوکات، محەممەد کامیل، خاوەنی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی هێلکەیە لە سلێمانی و دەڵێت، گرانبوونی نرخی هێلکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا کاتییە و ساڵانە لە وەرزی زستاندا دووبارە دەبێتەوە، بەشێکیشی پەیوەندی بە ناجێگیریی بەهای دینارەوە هەیە و ئێستا هەر کارتۆنێک هێلکە 10 هەزار دیناری چووەتە سەر.
 
هەروەک دەشڵێت، ئێستا لە پارێزگای سلێمانیدا شەش پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن کە بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی هێلکە. محەممەد کامیل گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی کە هاوردەکردنی هێلکە لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، بەڵام هێلکە لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، کەچی نرخەکەی لە هەرێمی کوردستاندا لە تورکیا و ئێران هەرزانترە کە لەو وڵاتە بەرهەمدەهێنرێت.
 
بەگوتەی محەممەد کامیل، حکومەتی عێراق هاوکاریی خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە و کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکات بەشێوەیەک کە قەرزیان پێدەدات و نرخی سووتەمەنیش لەوێ هەرزانترە، بۆیە تێچووی بەرهەمهێنان لە عێراق هەرزانترە لە هەرێمی کوردستان.