کۆسرەت رەسوول بڕیاری هەڵپەساردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دا و هۆشداری دەدات



 
رووداو - هەولێر 

کۆسرەت رەسوول عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی ناردووە و بڕیاری راگرتنی کۆبوونەوەکانی ئەو ئەنجوومەنەی دا و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیاندا دەکات.

 

لەو نامەیەدا، کە رووداو نێوەڕۆکەکەی دەستکەوتووە هاتووە: "بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بکەین، کەوا ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە بەرپرسیارە لە پاراستن و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە و پەیڕەوی ناوخۆ، دوای زنجیرە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پەسەندکردنی بڕیاری هەستیار، ئەنجوومەنی باڵا وەک ئەرکی سەرشانی کۆبوونەوەی نائاسایی لە ئێوارەی 11-2-2020 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت رەسوول سەرۆکی ئەنجوومەن ئەنجامدا و بڕیارە راگەیێنراوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی تاوتوێکرد". 

کۆسرەت رەسوول لە نامەکەدا بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نووسیوە: "یەکێتی کەوتووەتە دۆخێکەوە پێویستە وریابین".

لە کۆبوونەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم بڕیارانە دراون و داوا لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کراوە:

- کۆبوونەوەکانتان بۆ ماوەیەک هەڵپەسێرن

- تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەکان مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ریزەکانمان هەیە، بۆیە پێش یەکاڵاکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیکی وەرناگرێت.

- پێویستە کۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان و بۆچوونە جیاوازەکان بکەین، پاش ئەم کۆبوونەوەیە و لێکتێگەیشتن، بڕیاربدرێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی  بەردەوام بێت. داوامان وایە لە هەموو بارێکەوە دۆخی یەکێتی وردتر لێکبدەنەوە و تەواوی ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن.

لە کۆتایی نامەکەشدا هاتووە: "بەهیوای چارەسەرکردنی کێشەکان و پتەوکردنی گیانی هەڤاڵانە و بەرزڕاگرتنی ئاڵای سەوزی یەکێتی و رێبازی سەرۆک مام جەلال، کە رێبازی چەپکە گوڵە و برایەتی و خۆشەویستییە".

 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆسرەت رەسوول دانانی هاوسەرۆکی بۆ یەکێتی رەتکردووەتەوە و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش بەکۆی دەنگی 70 ئەندامی داواکەی کۆسرەت رەسوولیان لەوبارەیەوە رەتکردووەتەوە. 

نامەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگی لەسەر هاوسەرۆکانی یەکێتیدا و دوو کەسی بە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژارد، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوەکان بەفەرمی بڵاونەکراونەتەوە. 
 
بۆ پەسندكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی چەند رۆژێکە بەردەوامە ‌و تاوەكو ئێستاش 50 ماددەی پەیڕەوەكە لە كۆی77ماددە پەسندكراون. گرنگترین خاڵەکان کە تاوەکو ئێستا پەسندکراون سیستەمی هاوسەرۆکییە بۆ ئەو حیزبە کە دوو کەسن.