عەبدولڕەحیم تەمەل: ئۆجەلان داوای گەرەنتیی بەڕێز مەسعود بارزانی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

عەبدولڕەحیم تەمەل (سەماوی)، ئەندامی پێشووی دەستەی عاقڵمەندان و سەرۆکی ناوەندیی توێژینەوە و راوێژکاریی ستراتیژی رایگەیاند، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای گەرەنتیی بەڕێز مەسعود بارزانی دەکات".
 
عەبدولڕەحیم تەمەل (سەماوی)،، لە بووڵتەنی کاژێر 19ی رووداو کە دلبخوین دارا پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سوورە لەسەر "پرۆسەی نوێ" و گوتی: "پێشتر گوتبووم کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان 6 ڤیدیۆی ئامادە کردووە، یەکێکیان بۆ گەل، یەکێکیان بۆ ئەردۆغان و یەکێکیشیان بۆ باخچەلی. ئەم ڤیدیۆیانە لەلای دەوڵەت و دەم پارتین. ئەم ڤیدیۆیانە نەخراونەتە بەردەم گەل".
 
تەمەل سەبارەت بە پەیوەندیی ئۆجەلان لەگەڵ رۆژاڤا گوتی: "پەیوەندی لەنێوان مەزڵووم عەبدی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دروستکرا و دانوستاندن لەگەڵ باڵی ئەورووپا و قەندیلیش کرا".
 
عەبدولڕەحیم تەمەل، سەبارەت بە هەڵوێستی پەکەکە گوتی: "رێکخراوەکە دەیەوێت دەوڵەت دانوستانەکان ئاشکرا بکات و باسی بکات، بۆ ئەوەی بتوانن بڵێن ئەوان لایەنی بەرامبەرن".
 
بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەکە) دوێنێ بە رووداوی راگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوای لە شاندی ئیمراڵی کردووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
تەمەل سەبارەت بە پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ "پرۆسەی نوێ" گوتی: "لە هاوپەیمانێتیی ئۆجەلان و دەوڵەتدا، مەرجێکی ئۆجەلان هەیە کە کەس چاوەڕێی نەدەکرد، ئەویش گەرەنتیی بەڕێز مەسعود بارزانییە. ئەردۆغانیش قبوڵی دەکات و دەڵێت با بەڕێز بارزانی لەسەر رۆژاڤاش گەرەنتی و حوکمی هەبێت. لە چارەسەری هەموو پرسی کورد و کوردستانیشدا حوکمی هەبێت. سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان زۆر متمانەی بە بەڕێز مەسعود بارزانی هەیە".
 
چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە ئۆجەلان پەیامێک بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە، تەنانەت هەندێک لایەن رۆژەکەشیان دیاری کردووە، کە 15ی شوباتە و هاوکاتە لەگەڵ رۆژی دەستگیرکردنی ئۆجەلان، بەڵام تەمەل دەڵێت، ئۆجەلان پەیامەکەی دواخستووە.
 
تەمەل گوتی: "ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی گوتووە 'هەتا بۆچوونی بەڕێز مەسعود بارزانیم بۆ نەهێنن. پەیامەکانم ئاشکرا نەکەن."
 
بڕیارە شاندێکی دەم پارتی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆببنەوە، دواتر شاندەکە سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش کۆدەبنەوە.
 
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: "تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."