تەندروستیی هەڵەبجە داوا لەو خوێندکارانە دەکات کە لە ئێران گەڕاونەتەوە، خۆیان کەرەنتین بکەن

 
 
رووداو - سلێمانی 

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە داوا لەو خوێندکارانە دەکات کە لە ئێرانەوە بەشێوەی نایاسایی گەڕاونەتەوە پارێزگاکە، خۆیان کەرەنتین بکەن بۆ ئەو مەبەستەش 24 کاژێر مۆڵەتی داوە.
 
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە 11-03-2020 کاژێر 12:00ی شەو بانگەوازێکمان بڵاوکردەوە تایبەت بەو خوێندکارانەی بەشێوەی نایاسایی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە پارێزگای هەڵەبجە و داوامان کردووە بچنە ئەو شوێنانەی بۆ کەرەنتینکردنی ئەو کەسانە تەرخانکراوە". 
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خوێندکارانەمان ئاگادارکردوونەتەوە کە لە 24 کاژێردا سەردانی کەرەنتینەکان بکەن. هەر خوێندکارێک بڕیارەکە جێبەجێ نەکات، بە فەرمی داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەکرێت مۆڵەتی خوێندنی لە ئێران هەڵبوەشێندرێتەوە".
 
هەروەها د. ئازاد مستەفا باسی لەوە کرد، ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە 60 کەسن. لەدوای دەرچوونی بڕیارەکە تاوەکو ئێستا زۆربەی خوێندکارەکان پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجەوە کردووە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنیان بۆ بگیردرێتەبەر و بچنە کەرەنتینەوە.