چەند بنکە و بارەگایەکی ئێران لە مەریوان بۆردوومان کران.


رووداو دیجیتاڵ 

لە هێرشە ئاسمانییەکانی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاتر لە 6 بنکە و بارەگای سەربازی لە شاری مەریوانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
 
بەگوتەی شایەتحاڵان، لەم هێرشانەدا فەرماندەیی پاسەوانی سنوور، مەیدانی سوپا، بارەگای سوپا لە گوندی چاوگ، بارەگای سوپا لە بەردەڕەشەی نزیک باشماغ، تاوەری دەنگ و رەنگی ئێران و چەند تاوەرێکی سنووری لە کێوی قەڵای مەریوان بۆردوومان کراون.
 
دوای نزیکەی رۆژێک لە راوەستانی هێرشەکان بۆسەر شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە چەندین بنکە و بارەگای سەربازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ، بنکەیەکی پۆلیس لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کرایە ئامانج و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەکە بیسترا.
 
هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر 1:45 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێرش کراوەتە سەر بنکەی پۆلیسی 12ـی سەقز کە دەکەوێتە گەڕەکی  زانکۆ و لە هەردوو گوندی ئایەنان و سونەتە بنکەی سوپای پاسدارن و بنکەیەکی پۆلیس لەسەر رێگەی سەقز - سنە کرانەتە ئامانج
 
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی مانگی رابردووەوە دەستیپێکرد، دواتریش لە هەمان رۆژ ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە هێرشیکردە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ئەنجامی هێرشەکانی یەکەم رۆژ، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. 
 
تاوەکو ئێستا ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگەکە دیار نییە کە پێی ناوەتە رۆژی 12ـەیەمەوە و لە تەواوکردنی دوو هەفتە نزیک دەبێتەوە.