ئار تی بانک: هۆکاری دروستبوونی کێشە بەهۆی خواستی زۆرە لەسەر ATMـەکان
رووداو دیجیتاڵ
ئار تی بانک بەرپرسیارێتیی ئەو کێشانە دەگرێتە ئەستۆ لە دوو رۆژی رابردوودا لە کاتی راکێشانی مووچە لە ئامێرەکانی (ATM) دروستبوون و دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ سەرجەم ئامێرەکانیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پڕکردووەتەوە و تیمەکانیان 24 کاتژمێر کار دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک مووچەکانیان وەربگرن.
ئار تی بانک راگەیێندراوێکی لەبارەی دروستبوونی کێشە لە ئامێرەکانی (ATM) بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەو کێشەیە، بەکارهێنان و خواستی زۆرە لەسەر تۆڕی ئەی تی ئێمەکانیان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئار تی بانک زۆرترین هاوبەشی هەیە لە پرۆژەی هەژماری من، ئەو متمانەیەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانمان. لەبەر ئەمەش، مامەڵەکان لە ئەی تی ئێمەکانمان، کە زیاد لە 250 ئامێرن، لەم چەند رۆژە زۆر بووە و لەژێر فشارێکی زۆردان، ئەوەش بووەتە هۆی دواکەوتنمان لە پڕکردنەوەیان."
لەلایەکی دیکەوە، بانکەکە ئاشکرای دەکات، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەم دۆخەدا، هەر لەم مانگەدا بڕیاریان داوە عمولە لەسەر بەکارهێنەران و هەڵگرانی کارتی بانکەکانی دیکەش لە ئەی تی ئێمەکانیان لاببەن.
هەروەها کرێی دەرکردنی کارتی بانکییان بۆ هەموو ئەوانەی هەژماری نوێ دەکەنەوە نەهێشتووە. بەو هۆیەوە، جگە لە هاوبەشانی خۆیان، هاوبەشانی بانکەکانی دیکەش ئامێرەکانیان بەکارهێناوە و گوشاری زیاتر دروستبووە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، ئار تی بانک دڵنیایی دەداتە هاوبەشانی و دەڵێت، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ تیمەکانمان هەموو ئامێرەکانی ئەی تی ئێمیان لە هەموو شارەکانی کوردستان پڕکردووەتەوە. هەروەها 24 کاتژمێر کار دەکەین بۆ پڕکردنەوەیان و ناوەستین هەتاوەکو هەموو هاوبەشانمان مووچە و پارەکانیان وەردەگرن."