بنکە و بارەگا ئەمنییەکانی سوپای پاسداران لە مەریوان کرانە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی ئازاری 2026 زنجیرەیەک بۆردوومان و تەقینەوەی بەهێز شاری مەریوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە کاژێر 1:46 خولەکەوە، لانی کەم چوار بۆ پێنج هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کراونەتە سەر پێگە سەربازی و ئەمنییەکانی شارەکە.
ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە هێزی پاسەوانی سنوور و بارەگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە نێوەڕاستی شار و نزیک بلواری موعەلیم. هاوکات دوو بورجی هەواڵگری لەسەر لووتکەی کێوی ئیمام و گردی چاوگ. بەگوێرەی زانیارییەکان، هاوکات بنکەیەکی سوپای پاسداران لە نزیک "قەبرە دەروێش" بۆردوومان کراوە.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە پێشتریش بنکە سەرەکییەکانی وەک "پێگەی بێڵە" بنکەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران، قەرارگەی رەمەزان و فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان لەو شارە کرابوونە ئامانج.