دەستەی ژینگە: مووچەی ئەو چاودێرە ژینگەییانەی دادەمەزرێن نابێت لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرجەم دەرچووانی ژینگە "لە کەرتی تایبەت" لەسەر ئەو پرۆژانە دادەمەزرێندرێن کە ئەوان مۆڵەتی ژینگەییان پێداون و دەشڵێت، "مووچەکەیان نابێت لە 500 هەزار دینار کەمتربێت."
رۆژی دووشەممە 11-04-2022 عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەلی کاری بۆ دەرچووانی بەشی ژینگەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند.
807 دەرچووی ژینگە لە کوردستان هەن، بە گوتەی عەبدولڕەحمان سدیق، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەو دەرچووانە دابین دەکەن، داوایکرد "هەر یەکێک لە شار و شوێنی خۆی سیڤییەکەی بداتە فەرمانگەی ژینگە، لە ماوەیەکی کەمدا بانگ دەکرێت و بە دڵنیاییەوە کاریان دەستدەکەوێت."
هەر لەسەر ئەو پرسە، رەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو ئەوانەی CVی پێشکێش دەکەن لە کەرتی تایبەت وەکو چاودێری ژینگەیی لەو پرۆژانە دادەمەزرێن کە ئێمە رەزامەندیی ژینگەییمان پێداون، بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنی پرۆژەکان و جێبەجێکردنی ئەو رێنوێنییانەی ئێمە دەرمانکردووە، لەو پرۆژانەی کە بەردەوام لە کارکردندان."
سەبارەت بە مووچەی ئەو چاودێرە ژینگەییانە، رەزاق خەیلانی باسی لەوە کرد، "نابێت لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت، زیادبوونی مووچەکەی دەوەستێتە سەر ئەوەی تاوەکو چەند توانیویەتی کارەکان جێبەجێ بکات، چەند خزمەتیشی زۆرتربێت بەپێی خزمەتەکەی مووچەکەی بەرز دەبێتەوە."
بە گوتەی گوتەبێژەکەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، دەرچووانی ژینگە لە کوردستان "لە بەیانییەوە دەتوانن سەردانی فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن و CVی پێشکێش بکەن، فۆرمێک پڕدەکەنەوە، فۆرمەکە چەند پرسیارێک لە خۆی دەگرێت، پاشان خاڵبەندی دەکرێت، کێ لەپێشتر بێت، واتە خاڵەکانی زۆرتر بێت دەرفەتی دامەزراندنی دەبێت، دواجار هەموویان دادەمەزرێندرێن، چونکە ژمارەی پرۆژەکان زۆرن و بەسەر هەموو پارێزگاکان دابەشکراون".