هاوڕێیەكی چاوان: چاوان سەری لێ تێكچووە و هەڵخەڵەتێندرا
رووداو- سلێمانی
هاوڕێیەكی چاوان سۆران، هاوژینی نوێی د.عەبدوللەتیف سەلەفی دەڵێت "چاوان سەری لێ تێكچووە و عەبدوللەتیف سەلەفی هەڵیخەڵەتاند". هەروەها دەشڵێت ""چاوان چەند رۆژێک بەر لە هاوسەرگیرییەکەی پێیگوتم پەشیمان بووەتەوە".
هاوڕێیەكی چاوان كە لە پەیمانگا لەگەڵیەتی، بە مەرجی بڵاونەكردنەوەی ناوی قسەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "رۆژی سێشەممەی رابردوو 3/5/2016 چاوان و مێردەكەی بە فەرمی جیابوونەتەوە و هەمان رۆژیش لەگەڵ د.عەبدوللەتیف هاوسەرگیریان كردووە و لەنێو خێزانی چاوانیش تەنیا باوكی حاشای لێكردووە، لەبەرئەوەی بەو هاوسەرییە رازی نەبووە، چونكە چاوان تەمەنی 22 ساڵە د.عەبدوللەتیفیش تەمەنی گەورەترە و دوو ژنی دیكەشی هەیە".
ئەو هاوڕێیەی پشتڕاستیكردەوە كە پێشتر چاوان لەگەڵ مێردەكەی كێشەیان هەبووە و لە كاتی سەرپەرشتیكردنی توێژنەوەكەشدا داوای لە د.عەبدوللەتیف كردبوو كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات، گوتیشی "لە چاوانم بیست لە كاتی توێژینەوەكەدا پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوانیاندا دروستبووە و د.عەبدوللەتیف گوتبووی جیاببنەوە و خۆم دەتهێنم، چاوانیش بەو هاوسەرییە دڵخۆشبوو، بەڵام هۆكارێكی جیابوونەوەی لەگەڵ مێردەكەی بەهۆی د.عەبدوللەتیفەوە بوو".
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە چاوان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (رووداو) هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردبووەوە كە باسیان لە پەیوەندی ئەو لەگەڵ د.عەبدوللەتیف دەكرد و گوتی "ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسیان نییە و هەمووی پڕوپاگەندەن، د.عەبدوللەتیف دوژمنی زۆری هەیە و خەڵكێكی زۆر رقیان لێیەتی". هەروەها گوتیشی "هیچ پەیوەندییەكی خۆشەویستی لەنێوانماندا نەبووە و داوای هاوسەرگیریشی لێنەكردووم، تەنیا ئەوە بووە من خوێندكار بووم و ئەویش سەرپەرشتیاری توێژینەوەكەم بووە".
بەڵام رۆژی دووشەممە 9-5-2016، بۆ یەكەمجار لە رێگەی (رووداو) نامەیەكی بڵاوكردەوە وئاشكرای كرد ئەو ئێستا هاوژینی د.عەبدوللەتیفە، گوتیشی "سوێند دەخۆم بە خوای گەورە و بە هەموو ناوە پیرۆزەكانی، خۆم كێشەم هەبووە لەگەڵ ئۆرڤان و ویستوومە جیاببمەوە لێی، نەك دكتۆر هۆكار بێت، شووكردنی من بە دكتۆر بە رەزامەندی باوكم و مامەكانم بووە و تەنانەت مامێكی ناموسڵمانیشم كە لە نەرویج دەژیت بە شێوازی تایبەتی خۆی پیرۆزبایی لێكردم".
بە گوتەی هاوڕێكەی چاوان، چەند رۆژێك پێش هاوسەرییەكەی قسەی لەگەڵ چاوان كردووە و گوتوویەتی لە بڕیاردان بۆ هاوسەرییەكەی پەشیمان بووەتەوە و گوتی "رێنماییمكرد هاوسەرگیری لەگەڵ د.عەبدوللەتیفدا نەكات، چونكە دوو هاوسەری دیكەی هەیە و ناتوانێت ژیانێكی باشی بۆ دابین بكات، بەڵام گوێی نەگرت، تەنانەت چەند رۆژێك پێش هاوسەرگیرییەكەش گوتی پەشیمان بوومەتەوە، بەڵام دواتر بڕیاری بۆ هاوسەریی گۆڕیوە، چاوان كچێكی زۆر باشبوو، مێردەكەی پێشتری زۆر باش بوو، بەڵام پێمانوایە لە هەموو روویەكەوە سەری لێتێكچووە و د.عەبدوللەتیف هەڵیخەڵەتاند".
بەڵام چاوان دەڵێت "ئەو كەسانەی فرمێسك بۆ من دەڕێژن كە گوایە من خەڵەتێنراوم لەلایەن دكتۆرەوە، ئەوا با بزانن خۆیان خەڵەتاون یان خەڵك دەخەڵەتێنن".
بەبڕوای هاوڕێکەی چاوان ئەو هاوسەرگیرییە سەرناگرێت و دەڵێت "هیچ هیوایەكمان بەو هاوسەرییەی چاوان نییە و پێشبینی جیابوونەوەشیان دەكەین، چاوان سەرسامی جوانی و زانایی و ناوبانگ و زانستەكەی د.عەبدوللەتیف بوو".
زیاتر لە دوو هەفتەیە پەیوەندیی نێوان قوتابییەكی پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەكان لە سلێمانی بە ناوی چاوان سۆران، لەگەڵ د.عەبدوللەتیف ئەحمەد، كە مامۆستایە لە هەمان پەیمانگە، بووەتە رۆژەڤی میدیای كوردی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زۆرترین قسەی لەسەر كراوە. چەندین پەیامی دەنگیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرانەوە كە دەگوترێ قسەی د.عەبدوللەتیفە بۆ چاوان.
بەڵام رۆژی 7/5/2016 مامێكی چاوان بە ناوی سەربەست خەسرەو عارف، بۆ یەكەمجار ئاشكرایكرد كە چاوان شووی بە د.عەبدوللەتیف كردووە، پاشان هاوسەرگیرییەكە ئاشكرابوو و چاوان خۆی نامەیەكی لەڕێگەی رووداو بڵاوكردەوە، پاشان رووداو چەند وێنەیەكی بەیەكەوە لەنێو شاری سلێمانی و لە دادگا بڵاوكردنەوە.