مامۆستایەکی ئایینی: بەبێ مەلا و دادوەریش ئاساییە پرۆسەی مارەکردن ئەنجام بدرێت



رووداو  هەولێر

مامۆستایەکی ئایینی رایدەگەیەنێت، ئەگەر مەلا و دادوەریش ئامادەنەبن ئاساییە پرۆسەی مارەکردن ئەنجام بدرێت، جا چ باوکی لێی مارە بکات یان پیاوەکە لەخۆی مارە بکات و کچەکەش قبووڵی بێت. 

مەلا ئەحمەد رێکانی، پێشنوێژ و گوتارخوێن، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (پاشیڤ) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی مەرج و پایەکان بۆ دوو کەس کە بیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، رایگەیاند: "شەش پایە هەن بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی رێکوپێکی هاوسەرگیری بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئەنجام بدرێت، یەکێک لە پایەکان ئەوەیە، دەبێت وەڵام و قبووڵی تێدابێت، واتە کچ و کوڕەکە رازی ببن، رازی بوونی کچ پێویستە، چونکە پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت؛ نابێت کچ مارە بکرێت تەنها بە رەزامەندی خۆی نەبێت".

ئەحمەد رێکانی دەڵێ "ئەگەر کچ بە رەزامەندی خۆی بە شوو نەدرابوو، دەتوانێت لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات، ئەگەر کچەکە رازی نەبێت مەلا و دادگاش ناتوانێت مارەی بکات".

لەبارەی پایەکانی دیکەی هاوسەرگیری، ئەو مامۆستا ئایینییە گوتی "دەبێت کچ و کوڕەکە هەردووکیان لە پرۆسەی مارەکردنەکە ئامادەبن، هەروەها دەبێت کچ بێت و بەرامبەرەکەی کوڕ بێت، نابێت کوڕ لەگەڵ کوڕ و کچ لەگەڵ کچ مارە بکرێت".

لەبارەی مەرجی نوێژکردن و موسڵمانبوونی ئەو کوڕەی کچێکی موسڵمانی پێدەدرێت، ئەحمەد رێکانی ئاماژەی بەوە کرد "بەپێی شەریعەتی ئیسلام کوڕەکە دەبێت موسڵمان بێت و نوێژخوێن بێت، ئەگەر نوێژخوێن نەبوو بەڵام لەبەر تەمەڵی نوێژ نەخوێنێت ئاساییە، چونکە بە کافر دانانرێت، بەڵام هەیە باوەڕی بە نوێژ خوێندن نییە، کۆی زانایانی ئایینیش لەسەر ئەوە کۆکن ئەو کەسە کافرە، بۆیە ناکرێت مرۆڤی موسڵمان کچی خۆی بداتە کەسێک ئایینێکی جیاوازی هەیە".

سەبارەت بەوەش کەسێک کە پێشتر لەسەر ئایینێکی دیکە بووبێت و پاشان بووبێتە موسڵمان و موسڵمانبوونی خۆی رابگەیێنێت، مەلا ئەحمەد، گوتی "لە ئایینی ئێمەدا ئەو کەسە بە موسڵمان دادەنرێت و ئاساییە موسڵمانێک کچی خۆی پێبدات، لە بەرامبەریشدا ئاساییە پیاوێکی موسڵمان کچێکی کریستیان یان یەهودی بهێنێت".

لەبارەی ئەو پرۆسە هاوسەرگیرییەی کە بە نهێنی ئەنجام دەدرێت، "وەکو هاوسەرگیری عورفی، مسیار و نەهاری، ئەگەر هەموو مەرجەکانی تێدابێت ئاساییە، ئاساییە تەنازول لە نەفەقە و نووستن بکات".

مەلا ئەحمەد رێکانی لەبارەی هاوسەرگیری (صیغە) یانیش موتعە، باس لەوە دەکات، "هاوسەرگیرییەکی دروست نییە، چونکە کاتی تێدایە، بۆ نموونە بۆ ماوەی مانگێک دەیهێنێت، واتە جیابوونەوەی تێدا نییە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەکە جیادەبنەوە، جیا لە تەڵاق، میرات، نەسل و نەسەبی تێدا نییە".

هاوکات ئەو پێشنوێژ و گوتارخوێنە پێیوایە "گرنگ نییە لە پرۆسەی مارەکردن مەلا ئامادەببێت، ئەگەر مەلا ئامادەنەبێت دەتواندرێت لەلای دادوەر مارە بکرێت، ئاساییە ئەگەر مەلا و دادوەریش ئاماد نەبن، گرنگ هەموو مەرج و پایەکانی تێدابێت، جا چ باوکی لێی مارە بکات چ پیاوەکە لەخۆی مارە بکات و کچەکەیش قبووڵی بکات". 

داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی