سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: دەشتی بەهەشت کێشەی زۆری تێدایە و کێشەی فلۆریا ستییش چارەسەربووە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کێشەی زیاتر لە 2 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە فلۆریا ستی نزیکەی 100٪ تەواو بووە، ئاماژە بەوەش دەدات لە چارەسەرکردنی کێشەی دەشتی بەهەشت دواکەوتوون، بەڵام لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە دەشتی بەهەشت دەدەن.
 
رۆژی چوارشەممە 11-05-2022، د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، میوانی بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پرۆژانەی ماوەی چەند ساڵێکە کێشە و گرفتیان هەیە و تەواو نەکراون، رایگەیاند: "کێشەی فلۆریاستی ناڵێم 100٪ تەواو بووە، چونکە هەندێک قەرزی کۆنی لەسەر ماوە و تەواو نەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەکەی کۆتاییهاتووە و پرۆژەکە دەستیپێکردووە".
 
بە گوتەی محەممەد شوکری ئەمڕۆ ئەوان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و نەخشەی ئاوەدانی قسەیان کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات پلانی نوێی پرۆژەکە پەسند بکرێت: "بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو زەوییەکانی ئەو پرۆژەیە دەست بەکار بکەن، بە دڵنیایی کێشەکانی نزیک 100٪ یەکلاکراوەتەوەو دەستبەکارەکان کراوە و ماوەیەکی دیاریکراو دانراوە بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە تەواو بکرێت، ئەو یەکانەی کە پێشتر تۆمارکراون و خەڵک کڕیویەتی کە نزیکەی 2030 یەکەیە بۆ ئەوەی رادەستی خاوەنەکانیان بکرێت، ئەوانەی دیکەش وەبەرهێنەر بتوانێت دروستی بکات و سوودی لێوەربگرێت".
 
سەبارەت بە چارەنووسی پرۆژەی دەشتی بەهەشت و وەرین ستیش، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "وەرین ستی دوایین بڕیار کە پێویست بوو بنووسرێت بۆ ئەوەی بۆ جەنابی سەرۆکوەرزیران بخرێتەڕوو، رێککەوتنی لەسەر کراوە و دراوەتە نووسینگەی بەڕێزیان بۆ ئەوەی بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی دوایین تێبینی لەسەر بدرێت تاوەکو ئەو پرۆژەیە جارێکی دیکە دەستبەکار ببێتەوە".
 
بە گوتەی محەممەد شوکری دەشتی بەهەشت "بۆردێکی تایبەتی بۆ دروستکراوە، دەشتی بەهەشت پرۆژەیەکە کێشەی زۆری تێدایە، ئەو رووبەرەی پێشتر بۆی دانراوە کەمە، نەمانتوانیوە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەک کێشەکانی یەکلابکەینەوە و چارەسەری بکەین لەسەر هەمان ئەو زەوییە، بۆیە پێویستیمان بەوەیە بتوانین لە شوێنی دیکەش یان پرۆژەکە فراوانتر بکەین".
 
محەممەد شوکری دەشڵێت: "ئێمە زۆر دواکەوتین لە چارەسەرکردنی کێشەی دەشتی بەهەشت، بەڵام ئینشائەڵڵا لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو بتوانین بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە دەشتی بەهەشت بدرێت و ئەو پرۆژەیە جارێکی دیکە دەستپێبکرێتەوە لەسەر دەستی وەبەرهێنەرانی نوێ تاوەکو ئەو خەڵکەی کە چەند ساڵێکە چاوەڕێن بۆ وەرگرتنی یەکەکانیان، ببنەوە خاوەنی یەکەکانیان".