هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ بۆ رووداو: 1,200 خوێندکاری فەرمی و 550 دەرچوومان هەیە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

شەڕڤان مەحموود، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ دەڵێ، پاراستنی سیستمی پەروەردە بەو شێوەیەی ئێستا بە زمانی کوردی "هێڵی سوور"ی ئەوانە. 
 
شەڕڤان مەحموود لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی (نووڕۆژ)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، گوتی، دۆسیە و لیژنەکانیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریا ئامادە کردووە و داواکاری سەرەکییان ئەوەیە کە زانکۆ لەسەر هەمان بناخەی ئێستای بەردەوام بێت.
 
شەڕڤان مەحموود گوتی، دوای کردنەوەی ماستەر، ئێستا دکتۆراش لە زمانی کوردی لە زانکۆکە دەستی پێکردووە و لە چەند مانگی داهاتوودا یەکەم دەرچووی دکتۆرا لەو بوارەدا تێزەکەی گفتوگۆ دەکات. 
 
هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ گوتی، نزیکەی 1,200 خوێندکاریان هەیە و تاوەکو ئێستا 550 خوێندکار دەرچوون.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و شەڕڤان مەحموود 
 
رووداو: زانکۆی کۆبانێ لەم ساڵانەی دواییدا وەک ناوەندێکی زانستی لە ناوچەکە ناسراوە. دەتوانن بە کورتی پێمان بڵێن ئەم زانکۆیە تا چ ئاستێک خزمەتی ئەکادیمی و کولتووری بە زمانی کوردی کردووە؟
 
شەڕڤان مەحموود: وەک دەزانین، زانکۆی کۆبانێ لە ساڵی 2017 دامەزرا. دامەزراندنی زانکۆی کۆبانێ پێویستییەکی زۆر گرنگ بوو بۆ ناوچەکە. تەواوی ئەو هەرێمانەی لەژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوون، کاتێک رژێمی بەعسمان لەم ناوچەیە دەرکرد، ئیدی بە زمانی دایکی خۆمان قسەمان دەکرد و پەروەردەی خۆمان بە گشتی بە زمانی دایک دەدایە منداڵەکانمان. قوتابییان گەیشتنە ئەو ئاستەی کە کۆلێژ بخوێنن، پێویستییەک هەبوو کە ئەم قوتابییانە لە دامەزراوەیەکی باڵاتردا خوێندنیان بەردەوام بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستییەک هەبوو کە زانکۆ بکرێتەوە. هەر بۆیەش لە ساڵی 2017دا زانکۆی کۆبانێ دامەزرا، بەڵام دەبێت بڵێین کە دامەزراندنی زانکۆی کۆبانێ لە دۆخێکی زۆر سەخت و دژواردا بوو. سەرکەوتنی بەرخودانی کۆبانێ بەدیهاتبوو و دەتوانین بڵێین نزیکەی لە 60٪ی شاری کۆبانێ وێران ببوو. کۆبانێ هێشتا لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوەدا بوو. هەربۆیەش ئێمە کێشەی زۆر گەورەمان بینی لە دامەزراندنی زانکۆی کۆبانێدا. لە بواری باڵەخانە، تاقیگە و ستافی پەروەردەییدا، سەختی هەبوو. بەڵام ئێمە بڕیارمان دابوو، گوتمان پێویستیی ئەم هەرێمە بە کردنەوەی زانکۆیەک هەیە. منداڵانی ئەم وڵاتە شایەنی ئەوەن کە زانکۆیەکیان بۆ بکرێتەوە تا خوێندنیان بەردەوام بکەن. لەسەر ئەو بنەمایەش، لەسەر بنەما ئەکادیمییەکان زانکۆی کۆبانێمان دامەزراند بە فاکەڵتیی ئەدەبیات و فاکەڵتیی زانستە سرووشتییەکان، بەشەکانی فیزیا و کیمیا.
 
رووداو: ئێستا چەند کۆلێژ لە زانکۆی کۆبانێ هەن؟
 
شەڕڤان مەحموود: راستە، لەم رۆژانەدا چەندین بەش و فاکەڵتی هەن، چونکە ساڵ بە ساڵ زانکۆی کۆبانێ فراوانتر بووە، بەشەکانمان زیاتر کردوون، ژمارەی خوێندکارانمان زیاتر بووە. زیاتر لە 12 بەش و 8 فاکەڵتی لە زانکۆی کۆبانێ هەن.
 
رووداو: خوێندن لەو بەش و فاکەڵتییانە بە زمانی کوردییە؟
 
شەڕڤان مەحموود: سیاسەتی زمانی نێو زانکۆی کۆبانێ زمانی کوردییە، ئەمە وەک سیاسەتی زمانیی ئێمەیە. بەڵام زانکۆ خۆی لە چوارچێوەی یەک زماندا قەتیس ناکات. لە زانکۆی کۆبانێدا بە زمانی ئینگلیزیش وانە دەگوترێتەوە، زمانی عەرەبیش دەگوترێتەوە. بەڵام سیاسەتی زمانیی ئێمە و زمانی سەرەکی لە زانکۆدا زمانی کوردییە. هەندێک بەشمان هەن، وەک بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەشەکانی پەروەردە، بەشەکانی زمانی کوردی، ئەمانە بە گشتی تەنیا بە زمانی کوردی وانەیان تێدا دەگوترێتەوە. بەڵام دەزانین، واتە لە بواری سەرچاوەکاندا، پێشکەوتن لە زانستدا روویداوە، بەتایبەتی لە فاکەڵتیی زانستە سرووشتییەکان و فاکەڵتیی پزیشکیی ئێمە، ئەمە بە زمانی ئینگلیزیش دەگوترێتەوە.
 
رووداو: ئێستا گفتوگۆی گەرم هەیە لەسەر یەکخستنی سیستمی پەروەردە، یەکخستن لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق. لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیانە و رێککەوتنی نوێدا، چارەنووسی یاسایی زانکۆی کۆبانێ چی دەبێت؟
 
شەڕڤان مەحموود: راستە، تا ئێستا بە شێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی زانکۆی کۆبانێ لەگەڵ ئێمە نەکراوە. ئێمە لیژنەکانی گفتوگۆ و گفتوگۆی خۆمان ئامادە کردووە و دۆسیە گشتییەکانی زانکۆشمان ئامادە کردووە. ئێستا لە چوارچێوەی پەروەردەدا، لە پۆلی یەکەمەوە تا پۆلی 12 لەگەڵ دەستەی پەروەردە گفتوگۆ دەکرێ. بێگومان پەروەردە زنجیرەیەکی پێکەوە بەستراوە. سیستمی پەروەردە چۆن رێکبخرێ، زانکۆش بە هەمان شێوە دەبێت. بەڵام دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە، زانکۆی کۆبانێ تایبەتمەندیی خۆی هەیە، رەوشێکی جیاوازی هەیە، چونکە ئەم خوێندکارانە بە گشتی بە کوردی خوێندوویانە و لە زانکۆشدا کوردی دەخوێنن. هەر بۆیەش داواکاریی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە زانکۆی کۆبانێ بەپێی شێوازی ئێستای، سیستمی پەروەردەیی خۆی بەردەوام بکات. ئەمە خواستی سەرەکیی ئێمەیە. رەنگە لە زیادکردن و گۆڕینی هەندێک بابەتدا کراوە بین، کێشە نییە. سیستمی کارگێڕی بەپێی رەوشی سووریا گۆڕانکاری تێدا بکرێ، ئەوەش کێشە نییە. بەڵام وەک ستراتیژی زانکۆ، کە لەسەر چ بنەمایەک دامەزراوە، لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبێت. دوێنێ لە کۆبانێ دیدارێکی فراوانی عەشیرەتەکان بەڕێوەچوو کە لە زانکۆی کۆبانێ ئەنجامدرا و بەرپرسانی حکومەتی سووریاش تێیدا بەشدار بوون. دوای دیدارەکە سەردانی بەشەکانی زانکۆیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی کە لەم هەرێمە زانکۆیەک دامەزراوە و شوێنی زانستە و لە هەمان کاتدا شوێنێکە کە کۆمەڵگە لێی کۆدەبێتەوە. ئێمە دەستپێشخەریی لەم جۆرە دەبینین و هیوادارین کە ئەمە لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێ و هیوا و خواستی هەزاران خوێندکار کە لێرە خوێندوویانە و دەرچوون، بێتەدی، چونکە بەڵێنی ئێمە هەمیشە بۆ خوێندکاران ئەوە بووە کە هەمیشە بە زمانی دایک پەروەردەی خۆیان ببینن و هەرگیز پەشیمان نەبنەوە و داهاتووتان لە سووریادا هەبێت.
 
رووداو: کاتێک بەرپرسانی حکومەت سەردانی زانکۆیان کرد و ئێوە ئەم داواکارییەی خۆتان بە روونی پێ گوتن، وەڵامیان چی بوو، چ بەڵێنێکیان پێدان؟

 

شەڕڤان مەحموود: راستە، ئەو بەرپرسانەی حکومەت بەرپرسی بواری پەروەردە نەبوون. بەشێکیان بەرپرسی بواری سەربازی بوون و بەشێکیشیان عەشیرەتەکان و راوێژکارانی سەرۆککۆمار بوون. دوای دیداری عەشیرەتەکان، ویستیان بێن قاوەیەک لە زانکۆ بخۆنەوە. بەڵام وەک گفتوگۆیەکی گشتی بوو، ئەوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دامەزراندنی زانکۆیەک و هەروەها پێشوازیکردنی ئەم دیدارە دەربڕی.
 
رووداو: چەند خوێندکار ئێستا لە زانکۆی کۆبانێ هەن و چەند خوێندکار بڕوانامەیان وەرگرتووە؟
 
شەڕڤان مەحموود: لەم ماوەیەی دواییدا، ئێمە سیستمی خوێندنی ئازادیشمان لە زانکۆ راگەیاند، لە زۆرێک لە بەشەکانیدا. ئەوەش بۆ ئەو خوێندکارانەیە کە لەنێو دامەزراوەکاندا کار دەکەن و دەرفەتی دەوامی رۆژانەیان نییە. ئێمە سیستمێکمان بۆ ئەوان داناوە، ئەوان دەخوێنن و پاشان لە زانکۆ تاقیکردنەوە دەکەن. خوێندکارە فەرمییەکان کە دەوام دەکەن نزیکەی 1,200 خوێندکارن و خوێندکارە ئازادەکان کە ناوی خۆیان تۆمارکردووە نزیکەی 2,000 خوێندکارن. نزیکەی 550 خوێندکار لە زانکۆی کۆبانێ دەرچوون و بڕوانامەیان وەرگرتووە، ئێستا لە دامودەزگاکاندا شوێنی خۆیان گرتووە.
 
رووداو: داننان بە بڕوانامەکانیان دەکرێت لە وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا؟ گفتوگۆ لەسەر ئەمە هەیە؟
 
شەڕڤان مەحموود: بەڵێ، ئەو لیژنە گشتییەی دیپلۆماسی کە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دامەزرابوو، ئەوان گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت دەکەن. پاشان لەسەر دۆسیە بە دۆسیە لیژنەی بۆ دروست دەکرێ. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پێیان داوین، ئەمە بە شێوەیەکی روون گفتوگۆی لەسەر کراوە. بڕیار لەسەر بڕوانامەکان دراوە. میکانیزمی سیستمی پەروەردە لە داهاتوودا، ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
 
رووداو: بەشی زمانی کوردی لەنێو زانکۆی کۆبانێدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، تۆش گوتت کە یەکێکە لەو بەشانەی لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆوە کراوەتەوە. ئایا دوای یەکگرتنەوە و یەکخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سووریادا، مەترسی لەسەر گۆڕینی ئاراستە یان سنووردارکردن هەیە یان نا؟
 
شەڕڤان مەحموود: راستە، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی ئەو بەشەیە کە زانکۆ لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. بۆ ئێمە ئەم بەشە زۆر گرنگە، واتە لە زانستدا هیچ کاتێک جیاوازیمان نەخستووەتە نێوان بەشەکان. زانستە سرووشتییەکان بێت، زانستە ئەدەبییەکان بێت، با بڵێین زانست بە گشتی پێوەرێکی یەکسانە. بەڵام کاتێک بابەت دەبێتە بابەتی زمانی دایک، ئەوە خۆی بابەتێکی نەتەوەییش دێنێتە پێش. هەربۆیە بۆ ئێمە زمانی کوردی هێڵی سووری ئێمەیە و لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی لەبارەی پەروەردەدا، ئێمە بۆ زمانی کوردی هەرگیز هیچ هەنگاوێک بۆ دواوە نانێین، چونکە ئەدەبی کوردی خۆی سەلماندووە کە زۆر دەوڵەمەندە و هەروەها ئەو شتانەی کە ئێمە لەنێو ئەدەبی کوردی و وردەکارییەکانی زمانی کوردیدا بینیومانە، زۆر زمانی جیهانیی کۆنیشی تێپەڕاندووە. هەربۆیە نابێت جارێکی دیکە ئەدەب و زمانی خۆمان بخەینە گفتوگۆوە. ئەمە بۆ ئێمە هێڵی سوورە و ئێمە لەمەدا بەردەوام دەبین. وەک زانیاریش، وەک جەنابتان و بینەرانیش دەزانن، یەکەم ماستەر لە زانکۆی کۆبانێ بۆ ماستەری زمانی کوردی بوو. خوێندکاران تەواویان کرد، دەرچوون و ئێستاش زیاتر لە ساڵێکە دکتۆرای زمانی کوردی کراوەتەوە و خوێندکاران دەخوێنن و لە ماوەیەکی نزیکدا دەرچووی دکتۆرا لەم بەشەدا دەبێت.
 
رووداو: مژدەیە، ئەمە هەواڵێکی خۆشە مامۆستا شەڕڤان. کەی یەکەم دەرچووی دکتۆرا لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردیدا لە زانکۆی کۆبانێ دەردەچێت؟
 
شەڕڤان مەحموود: باوەڕ ناکەم زۆر درێژ بکێشێت، واتە سێ-چوار مانگی دیکە دەست بە گفتوگۆکردنی تێزی دکتۆرا دەکرێ، چونکە کاتی گفتوگۆی ماستەر کرا کەمێک درێژەی کێشا، یەکسەر ئێمە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا، پرۆفیسۆرەکانیمان دۆزییەوە و یەکسەر پڕۆگرامی دکتۆراشمان رێکخست. هەندێک خوێندکار دەستیان بە دکتۆرا کرد؛ زمانێک کە گەیشتە ئاستی ئەوەی ئیدی ماستەر و دکتۆرای بۆ بکرێتەوە، باوەڕ ناکەم جارێکی دیکە مافی کەس هەبێت کە ئەم زمانە بخاتە گفتوگۆوە.
 
رووداو: رەنگە هەندێک بیانوو هەبن کە مامۆستایان بۆ پەروەردەی کوردی لە شاری کۆبانێ وەک ژمارە بەشی ئەوە نەکەن کە وانە لە هەموو قوتابخانەکاندا بە کوردی بڵێنەوە، ئێوە وەک زانکۆی کۆبانێ لە ساڵانی رابردوودا و ئێستا رۆڵتان چی بووە بۆ ئامادەکردنی مامۆستایانی پەروەردەی کوردیی قوتابخانەکان؟ چەند مامۆستا لە زانکۆی ئێوە دەرچوون؟
 
شەڕڤان مەحموود: راستە، ئێستا تەواوی سیستمی پەروەردە لە قوتابخانەکانی کۆبانێ بە زمانی کوردی دەگوترێتەوە. واتە زمانی بیانی، زمانی عەرەبیش دەگوترێتەوە. چی بابەتەکانی زانستییەکان ، چی بابەتەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بە گشتی بە زمانی کوردی دەگوترێتەوە و ئەو مامۆستایانەی کە دەیڵێنەوە بە گشتی بە کوردی دەیڵێنەوە. بەشێکی زۆر گەورە لە دەرچووانی زانکۆی کۆبانێ لەناو قوتابخانەکاندا شوێنی خۆیان دەگرن. با لەبیر نەکەین، پەیمانگای شەهید زۆزان دامەزرا. ئەم پەیمانگایەش بەشی پسپۆڕی هەبوو، واتە تێیدا بیرکاری، فیزیا، کیمیا دەگوترانەوە، و بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تێدا هەبوو وەک مێژوو، جوگرافیا و زمان. ئەو دەرچووانە بە گشتی لەناو قوتابخانەکاندا شوێنی خۆیان دەگرن و مامۆستایەتیی خۆیان دەکەن و بە زمانی کوردیش وانە دەڵێنەوە. هەر بۆیە وەک هەرێمی کۆبانێ، هیچ کێشەیەکی ئێمە لەم بوارەدا نییە کە گشتیی قوتابخانەکانمان بەم شێوەیە بە زمانی کوردی بەردەوام بن. کارمەندیشمان هەن و دەتوانین بڵێین توانامان هەیە کە هەرێمەکانی دیکەش بە کارمەندی فێرکردن پڕ بکەینەوە.