كوڕەكانیان كوشت و هەڕەشەی كوشتن لە خۆیشی دەكەن
رووداو- هەولێر
نۆ مانگ لەمەوبەر دوو برا بە ناوەكانی كاوە و سەردار حەسەن، لە لایەن مامیان و دوو كوڕەكەیەوە لەسەر تەپوتۆزی ئۆتۆمبێل كوژران، بەڵام هێشتا بكوژەكان دەستگیرنەكراون.
ئەو دوو برایە (سەردار، 40 ساڵ و كاوە، 35 ساڵ) خێزاندار بوون و دانیشتووی گوندی ئێك مالەی سەر بە ناحیەی رۆڤیای قەزای بەردەڕەش بوون. ئەوكات پۆلیس كەسێكی دەستگیركرد، بەڵام دواتر ئازادی كرد.
عەقید سەعدی ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی قەزای بەردەڕەش سەبارەت بە هۆكاری دەستگیرنەكردنی بكوژانی سەردار و كاوە بە (رووداو)ی گوت: "ئەوان لەو رۆژەوە تاوانەكەیان كردووە دیار نەماون، نووسراومان بۆ سەرجەم بنكەكانی پۆلیس كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ سەرەداوێكمان دەستنەكەوتووە".
سەبارەت بەو كەسەی دەستگیركرابوو، عەقید سەعدی گوتی: "ئێمە كوڕێكی بكوژەكەمان دەستگیر كرد، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە ئازاد كرا. راستە ئەو پێشتر لەلایەن سەردار و كاوەوە قاچی شكێنرابوو، بەڵام پەیوەندی بە كوشتنی ئەوانەوە نەبوو".
حاجی حەسەن كە باوكی سەردار و كاوەیە، پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو: "لەگەڵ كوڕەكانم بەیەكەوە لەسەر شینایی بووین، هاوڕێیەكم پەیوەندی پێوەكردم و گوتی هەندێك پێداویستی كێڵگەم بۆ هێناون یەكێك لە كوڕەكانت بنێرە. منیش بە كوڕە 15 ساڵانەكەم گوت بڕۆ پێداویستییەكان وەربگرە. لە رێگا (ز)ی مامیان بە بیانووی ئەوەی تەپوتۆزی كردووە بەسەریاندا، رایگرتووە و لێیداوە، پێیگوتوە تۆ بە ئەنقەست تەپوتۆزت كردووە".
ئەو كات كوڕە 15 ساڵانەكەی حاجی حەسەن تەلەفۆنی بۆ دوو براكەی كردبوو كە فریای بكەون، ئەوانیش بە هاوارییەوە چووبوون. دواتر مامیان لەگەڵ دوو كوڕی هێرش دەكەنە سەر ماڵی حەسەن و سەردار و كاوە دەكوژن.
ئەگەرچی نۆ مانگ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا بكوژانی سەردار و كاوە دەستگیر نەكراون. حەسەن دەڵێت هێشتا برینەكەی ساڕێژ نەبووە، چونكە بكوژی كوڕەكانی دەستگیرنەكراون.
حەسەن گوتی: "لەو رۆژەوەی دوو كوڕەكەم كوژراون، هەموو رۆژێك براكەم پەیوەندیم پێوە دەكات و هەڕەشەی كوشتنم لێدەكات، پێمدەڵێت واز لە من و كوڕەكانم بهێنە ئەگەرنا شتی لەوە خراپتر دەكەم. تەنانەت پێمدەڵێت بە پارێزەرەكەت بڵێ واز لەو كەیسە بهێنێ، ئەگەرنا ئەویش دەكوژم".
حەسەن گلەیی لە دەزگا ئەمنییەكان هەیە و دەڵێت: "نۆ مانگە كوڕەكانی من كوژراون، تا ئێستا پۆلیس نەیتوانیوە ئەوانە دەستگیر بكات، برایەكەم پێشتر عەقید بوو لە هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئێستا خانەنشینە، كوڕێكیشی پێشمەرگەیە".
فیراس بەشیر ئیبراهیم كە برازای حەسەنە، دەڵێت: "هەردوولا (بكوژ و كوژراو) بۆ من وەكو یەكن، بەڵام كوڕەكانی مامە حەسەن هیچ تاوانێكیان نەبوو، مامم (ن) سەرەڕای ئەو تاوانە، ئێستا هەڕەشەی كوشتن لە مامە حەسەن دەكات".
بە گوتەی فیراس، مامەكەی پەیوەندی بە زۆربەی خزمەكانییەوە كردووە و داوا دەكات مام حەسەن لێی خۆشبێ، ئەگەرنا خراپی بەسەردێنێ. "هەتا پەیوەندی بە پارێزەرەكەی مامیشمەوە كردووە و پێیگوتووە دەست لەو كەیسە هەڵگرێ. كەس ناوێرێت لە ترسی مامم لەو كەیسە نزیك بێتەوە، پارێزەرەكە خزمی خۆمانە بۆیە تا ئێستا لەو كەیسە بەردەوامە".
حەسەن دەڵێت براكەی كە تەلەفۆنی بۆ دەكات، تەنیا خۆی بە تاوانبار دەزانێ و پێی دەڵێت هەر هیچ نەبێ لە كوڕەكانی خۆشببێ، چونكە ئەو كاوە و سەرداری كوشتووە، نەك كوڕەكانی.
حەسەن تا ئێستا چەند جارێك سەردانی بنكەی پۆلیسی بەردەڕەشی كردووە و پێیگوتوون: براكەی سەرەڕای ئەوەی دەستگیرنەكراوە، بەردەوامیش پەیوەندی پێوە دەكات و هەڕەشەی كوشتنی لێدەكات، ئەوانیش تەنیا داوای ژمارەی تەلەفۆنی براكەی لێدەكەن، بەڵام هەر كاتێك تەلەفۆنی بۆ دەكەن داخراوە، تەلەفۆنەكەی تەنیا ئەو كاتانە دەكاتەوە كە قسە لەگەڵ براكەی دەكات. بە گوتەی پۆلیس براكەی حەسەن لە سنووری دهۆك نییە.
حەسەن دەڵێت (ه)ی برازای كە تۆمەتبارە بە كوشتنی كوڕەكانی، پێشمەرگەیە و مانگانە مووچەی خۆی وەردەگرێ، بەڵام سەرچاوەیەك لە بەشی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "كاتێك دادگا ئاگاداری كردینەوە، نووسراومان بۆ فەوجەكەی كرد، داوامان لێكردن ئەگەر ئەو پێشمەرگەیە دەوام دەكات رەوانەی دادگای بكەن، بەڵام لە دوای رووداوەكەوە دەوامی نەكردووە و مووچەكەشی راگیراوە".
هەر لەوبارەوە نازم هەركی، بەرپرسی هێزەكانی لیوای 10ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئەو پێشمەرگەیە لە یەكێك لە فەوجەكانی ئێمەیە، چەند جارێك پەیوەندی كردووە و گوتوویەتی باوكم تاوانەكەی كردووە، داوام لێكردووە بێت بۆ ئەوەی لە دادگا ئامادە بێت، بەڵام تا ئێستا ئامادە نەبووە".