لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ ناوخۆ: نوشتە و جادوو بنبڕ بکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند داوایان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە هەڵمەتێکی چڕ و ورد بۆ نەهێشتن و بنبڕکردنی دیاردەی نووشتە و جادووکردن و دەرکردنی جن دەستپێبکەن. دەشڵێت: "دیاردەکە زۆر بەربڵاوبووە، جگە لە بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر و کێشەی کۆمەڵایەتی و دەستدرێژی سێکسیشی لێکەوتووەتەوە".
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەیەکە درک بەوە دەکەین کە دیاردەی نووشتە و جادووکردن و دەرکردنی جن لە لەش بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و زیاتر لە جاران تەشەنەی سەندووە، بۆیە داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە هەڵمەتێکی چڕ دەستپێبکەن بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەی بەو ناوەوە کاری نابەجێ دەکەن و پارەیەکی زۆر لە خەڵک وەردەگرن و بوونەتە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ چەندین خێزان".
ساڵ و نیوێک لەمەوبەر وەزارەتی ئەوقاف بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتێکی دەستپێکرد و چەندن کەس رووبەڕووی یاسا کرانەوە، نەبەز ئیسماعیل دەڵێت: "ئێستا بە پێویستمان زانیوە هەڵمەتێکی دیکە بۆ گرتنی ئەو کەسانە بکەین".
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 170 لە رۆژی 27ی حوزەیرانی 2021 داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، ھەڵمەتێکی چڕ و ورد دەستپێبکەن بۆ نەھێشتن و بنەبڕکردنی دیاردەی نوشتە، جادووکردن و دەرکردنی جن لەلایەن ھەندێک کەس کە بە" بەرژەوەندیخواز" ناوی بردوون و داوای کردووە سەرپێچیکارانیش رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
رۆژی پێنجشەمە 8ی تەممووزی 2021، لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەکە باس لە دیاردەی جادوو كراوە و ئاماژە بۆ ئەوە کراوە: "بووهته دیاردەیهكی مەترسیدار لەسەر كۆمەڵگه".