دەوام لە 8 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خۆڵبارینەوە راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەوام لە هەشت شاری پارێزگاکانی ئیلام و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خۆڵبارین و خراپبوونی کواڵیتی هەواوە ئەمڕۆ دووشەممە راگیرا.
 
لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی هەوای پارێزگای لوڕستان رۆژی دووشەممە 11-7-2022 بڕیاریدا فەرمانگەکانی شارەکانی کودەشت، رومشکان، پۆلدوختەر، خوڕماوە، دروود و چگنی بەهۆی پیسبوونی هەواوە دابخرێن، بەڵام دامودەزگە فریاگوزاری و تەندروستییەکان دەوامی ئاساییان دەبێت. 
 
لیژنەکە داوای کرد خەڵک لە چوونە دەرەوەی ناپێویست و وەرزشکردن لە شوێنە کراوەکان خۆیان بەدووربگرن و لە ئەگەری چوونە دەرەوەش لە ماڵ دەمامک ببەستن.
 
لە ئیلامیش خۆڵبارین هەیە. مەجید بیگلەریان، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، فەرمانگەکانی شارەکانی مێهران و دێلەران بەهۆی چڕی خۆڵبارینەوە ئەمڕۆ دووشەممە کرانە پشوو و فەرمانگە و دامودەزگە حکومییەکانی سەرجەم شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایەش دوو کاژێر درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆیان کرانەوە.
 
شارەکانی مێهران و دێلەران لە نزیک سنووری عێراق هەڵکەوتوون و بەپێی راپۆرتی کەشناسیی ئیلامیش، ئەو خۆڵبارینەی ئەمڕۆ ئەو پارێزگایەی گرتوەتەوە سەرچاوەکەی عێراق و سووریایە.