نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری جەمال شارباژێڕی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی شاعیری دیاری کورد مامۆستا جەمال شارباژێڕی، پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری و رۆشنبیرانی کوردستان دەکات و دەڵێت، "خه‌رمانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى ‏له‌ شيعر و ده‌قى جوان پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ر كردووه."
 
رۆژی دووشەممە، 10-07-2023، شاعیر جەمال ئەمین عارف، ناسراو بە جەمال شارباژێڕی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دواییکرد.      
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 11-07-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوبۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری و رۆشنبیرانی کوردستان کرد و رایگەیاند، "‏هاوسۆز و هاوبه‌شى خه‌ميانم. له‌ خواى مه‌زن داواكارم گيانى خوالێخۆشبوو به‌ ‏به‌زه‌يى و ميهرەبه‌بانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت.‏"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە کە "مامۆستا جه‌مال شارباژێڕى به‌ به‌رهه‌م و نووسينه‌كانى، خزمه‌تێكى ‏زۆرى به‌ كايه‌ى وێژه‌يى و رۆشنبيريى كوردستان كردووه‌ و خه‌رمانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى ‏له‌ شيعر و ده‌قى جوان پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ر كردووه‌."
 
جەمال ئەمین عارف لە 01-10-1941 لە گوندی واژەی شارباژێڕ لەدایکبووە، لە ساڵی 2000ـەوە لە لەندەن دەژی.  
     
دیوان جەمال، کچی جەمال شارباژێڕی بە رووداوی راگەیاند، بەنیازن لە چەند رۆژی داهاتوودا تەرمەکە بگەڕێننەوە و لە هەرێمی کوردستان بەخاکی بسپێرن. 
 
شاعیرەکە لە قەزای چوارتای سەر بە پارێزگای سلێمانی پەیکەرێکی رێزلێنانی بۆ دروستکراوە.