حکومەتی هەرێمی کوردستان: بڕیاری خەرجکردنی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان درا

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار دراوە مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان خەرج بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی تەممووز حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەدوای پەیوەندیی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاردراوە پارەی ئەو دوو مووچەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان خەرجبکرێت. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کاتی ناردنی پارە و دابەشکردنی مووچەکە نەکردووە و روونکردنەوەی زیاتری لەوبارەیەوە نەداوە. 
 
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا بە بیانووی وردبینی مووچەکانیانی دواخستووە. 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی 10-7-2024 داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد "هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو مانگەکانی پێنج و شەش خەرج بکات."
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو پێیەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیەی نەدراوە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.