لە پێنجوێن کەسێک بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە گیان لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدان لە قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە، ئەمڕۆ کەسێکی تەمەن 48 ساڵ گیانی لەدەستدا، لەماوەی سێ رۆژی رابردووشدا 30 کەس بەهۆی پێوەدانی هەنگ، دووپشک و مارەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەیان.
 
رۆژی هەینی، 11-8-2023، لوقمان لەتیف، گوتەبێژی نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدان لە پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تەرمی کەسێک گەیێندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدان لە قەزای پێنجوێن، کە بەپێی پشکنینەکان و گوتەی ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون بەهۆی پێوەدانی دوو هەنگەوە گیانی لەدەستداوە."
 
لوقمان لەتیف گوتی: ئەو کەسە کە لەدایکبووی ساڵی 1975ـە، لەگەڵ چەند کەسێکدا بووە لە پشتی گوندی گۆخەڵانی ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن خەریکی هەنگ بوون و بۆ هەنگوین گەڕاون، بەڵام بەهۆی پێوەدانی دوو هەنگەوە و زۆری هەستیاریی ئەو کەسە بەرامبەر بە هەنگەکان گیانی لەدەستداوە."
 
گوتەبێژی ئەو نەخۆشخانەی قەزای پێنجوێن ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەر دوێنێ کەسێکی دیکە بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە و بەهۆی خراپیی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە، دەشڵێت: "لەماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە 30 کەس بەهۆی پێوەدانی هەنگ و دووپشک و مار هاتوونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و کاری پێویستیان بۆ کراوە."
 
نەخۆشخانەی گشتی شەهیدان لە قەزای پێنجوێن لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکانی پێوەدانی هەنگەوە رایگەیاندووە: "داوا لە هەنگەوانان و برا جووتیارەکان و شاخەوانان دەکەین بە وریایی مامەڵە بکەن و لەکاتی پێوەدان، کەسەکە بە زوویی بیگەیێننە نزیکترین نەخۆشخانە."