مستەفا کازمی گەیشتە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

کەمێک پێش ئێستا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی مستەفا کازمی رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوول بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن.
 
 
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەرئەوەی نێچیرڤان بارزانی پێشتر سەرۆکی حکومەت بووە، ماوەیەک لەمەوبەریش وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و "کەسێکی بە ئەزموونیشە"، بۆیە باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن.

هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی کازمی گوتیشی "بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی چڕ دەکرێت سەبارەت بە هەموو پرسەکان، هەروەک چۆن لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت تاوتوێمان کردن".

رۆژی پێنجشەممە مستەفا کازمی لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قسەیانکرد.

 

 
کازمی سەرۆکایەتیی شاندێکی گەورەی حکومەتی عێراق دەکات و رۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلوول لە زاخۆ سەردانی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلی کرد و دواتریش کامپی قادیەی ئاوارەکانی بەسەرکردەوە.

لە دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە دەكات و مەرزی سنووری باشماخیش بەسەردەكاتەوە.

هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند "دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی كاژێر 11:30 مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بگاتە فڕۆكەخانەی  نێودەوڵەتیی سلێمانی، سەرەتا سەردانی باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی دەكات و ماوەی 45 خولەك لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆدەبێتەوە، پاشان سەردانی پارتە سیاسییەكان دەكات".

هەروەها دەڵێت "بەپێی زانیارییەكان كاژێر 12:30 كازمی لە هاوینەهەواری مێرگەپان كە شوێنی مانەوەی د. بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقە، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و شاندێكی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، دەشگوترێت بڕیارە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامیش كۆببێتەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی "سەرۆكوەزیرانی عێراق كاژێر 03:30 خولەکی ئێوارە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات و لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكە كۆدەبێتەوە، هەروەها سەردانی مەزاری شەهیدانی كیمیاباران دەكات، دواتر گەشتێك بەنێو پارێزگای هەڵەبجەدا دەكات".

هەروەها پەیامنێری رووداو دەڵێت "كاژێر 05:00ی ئێوارەش كازمی، سەردانی مەرزی باشماخ دەكات و لەگەڵ بەرپرسە كارگێڕی و ئیدارییەكانی مەرزەكە كۆدەبێتەوە، دواتر دەگەڕێتەوە سلێمانی و لەوێش لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی كاژێر 05:30 دەگەڕێتەوە بەغدا و كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنێت".

ئەم سەردانەی کازمی لەکاتێکدایە، کەشێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هاتووەتە ئاراوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا.