سەرۆک بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەکداری بوو لەپێناو پاراستنی ناسنامەمان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە یادی 62ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و كۆمەڵایەتیی گەلی كوردستان بوو لەپێناو پاراستنی ناسنامە و بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و بەرقەراركردنی دیموكراتیەت لە عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-9-2023) لەلایەن بارەگای بارزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆک بارزانی دەڵێ لەو یادەدا "پێزانینم بۆ خەبات و ماندوویەتی هەموو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و كادیرانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە، كە ڕۆڵیان هەبووە لەم شۆڕشە مەزنەدا و شانازیان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد."
لە 11ـی ئهیلوولی 1961 سوپای عێراق بۆردوومانی دهربهندی بازیان، دۆڵی خهلهكان و سنووری دهۆكی کرد، له بهرامبهردا له 19ـی ئهیلوولی 1961 مهكتهبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمی بڕیاریدا بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوە و، بەو هۆیەوە شۆڕشی ئهیلوول به سهرۆكایهتیی مستهفا بارزانی دژی حكومهتی كۆماری عێراق لە مانگی ئەیلوولی 1961 له باشووری كوردستان ههڵگیرسا و تاوەکو ساڵی 1975 و رێككهوتننامهی جهزائیر، بهردهوامبوو.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و كۆمەڵایەتیی گەلی كوردستان بوو لەپێناو پاراستنی ناسنامە و بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و بەرقەراركردنی دیموكراتیەت لە عێراقدا. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر ئەزموونێكی بێ وێنەی خەبات و تێكۆشان بوو كە هەموو ناوچە جیاجاكانی كوردستان و گشت چینوتوێژەكان و تێكڕای پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان تێیدا بەشدار بوون.
لە یادی شەست و دوو ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا پێزانینم بۆ خەبات و ماندوویەتی هەموو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و كادیرانی شۆڕشی ئەیلوول هەیە كە ڕۆڵیان هەبووە لەم شۆڕشە مەزنەدا و شانازیان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد.
مسعود بارزانی
11ـی ئەیلوولی 2023