بەرپرسی لقی دووی پارتی: ئەمڕۆ لە هەموو کاتەکان زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزییە

رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر یادی 62 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول کرایەوە و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستانیش داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد "بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی شۆرشی ئەیلوول، یەکڕیز بن". 
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، 62 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی تێپەڕی، ئۆرگانەکانی پارتی یادی ئەو شۆڕشەیان کردەوە. لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر یادی ئەو شۆڕشەی کردەوە و خەڵاتی رێزلێنان پێشکێشی 14 پێشمەرگە و تێکۆشەری سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول کرد.
 
هەروەها فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی کاریگەرییەکانی شۆڕشی ئەیلوول و رۆڵی مەلا مستەفا بارزانی لە هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە و تێڕوانینەکانی لەبارەی بەیەکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە کوردستان و رەنگدانەوەی لەناو ئەو شۆڕشە سەرتاسەرییەدا نمایشکرا.
 
دوای نمایشکردنی فیلمە دۆکۆمێنتارییەکە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی لەبارەی پەیامەکانی شۆڕشی ئەیلوول و رەنگدانەوەی بیروباوەڕەکانی مەلا مستەفا بارزانی لەو شۆرشەدا پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک پێویستترە کوردستانیان بە هەموو پێکهاتە و بیر و بۆچوون و حیزبە جیاوازەکانەوە یەکڕیزبین".
 
بڵند ئیسماعیل گوتی، "لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەهۆی سەرکردایەتیی بارزانی نەمر، بۆ یەکەمجار سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، لە زاخۆوە هەتا خانەقین بەشدارییان لەو شۆڕشەدا کرد، هاوکات یەکەمجار بوو کە سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بە کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان و هەموو دین و مەزهەبەکانەوە بەشداری لە شۆڕشدا بکەن".
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی باسی لەوەکرد کە، "سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لەو شۆڕشەدا رۆڵی کارایان هەبوو، بەڵام ناکرێ رۆڵی ئافرەتان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا فەرامۆش بکرێت، لەبەر ئەوەی پیاوان بەتەنیا لەو شۆڕشەدا پێشمەرگە بوون، بەڵام ئافرەتان هاوکات پێشمەرگە و دایک و لەناو خێزاندا بەخێوکەری ماڵ و منداڵیش بوون".
 
بە گوتەی بەرپرسی لقی دووی پارتی؛ "لە شۆرشی ئەیلوولدا هیچ بوارێکی ژیان فەرامۆش نەکرابوو، گرنگی بە پەروەردە و خوێندن، تەندروستی، ئەدەب و هونەر، کار و چالاکی کۆمەڵایەتی، کاروباری ئاینی و دادگا دەدرا و سەرجەمی ئەو دامەزراوانە لەنێو شۆرشدا هەبوون".
 
لەبارەی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک ئیدریس بارزانی لە سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولدا، بڵند ئیسماعیل گوتی؛ "دوو یاریدەدەری زۆر باش بوون بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەرکردایەتیکردنی شۆرش لەسەر شانی بارزانی نەمر، کە گەورەترین دەستکەوتی شۆڕشەکەش رێککەوتنی 11ـی ئادار بوو، دوژمنی ناچار کرد گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات و دان بە مافەکانیدا بنێت".
 
بەرپرسی لقی دووی پارتی داوای یەکریزی لە سەرجەم هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "قەوارەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و سەرجەمی ئەو دەستکەوتانەی هەمانن، بەرهەمی خەباتی تێکۆشەران و شەهیدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بارزانی نەمرن، بۆیە ئەرکی هەموومانە بیانپارێزین، ئەمڕۆش لە هەموو کاتێک پێویستترە کوردستانیان بە هەموو پێکهاتە و بیر و بۆچوون و حیزبە جیاوازەکانەوە یەکڕیز بین."
 
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای هەولێر و چەندین بەرپرسی دیکەی پارتی خەڵاتی رێزلێنانیان پێشکێش بە 14 پێشمەرگە و تێکۆشەری سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول کرد وەک وەفایەک بەرامبەر ئەرک و تێکۆشانەکانیان لەو شۆڕشەدا.