خۆی و كچەكەی و ژنەكەی بە چەقۆ دەكوژێ
رووداو- رزگاری
لە گوندێكی ناوچەی گەرمیان، پیاوێك ژنەكەی و كچەكەی خۆی بە چەقۆ دەكوژێت و پاشانیش هەر بەو چەقۆیە خۆی دەكوژێ. كەسوكاری دەڵێن بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە ئەو كارەی كردووە. برایەكیشی كە لەكاتی رووداوەكەدا بریندار بووە، بە بڕیاری دادوەر بەند كراوە.
نیوەڕۆی 4/11/2015 ، رێبوار محەممەد، تەمەن 28 ساڵ و باخان ساڵح، هاوژینی رێبوار كە تەمەنی 23 ساڵ بووە، لەگەڵ كچە بچكۆلانەكەیان بەناوی (هەستی) كە تەمەنی ساڵێك و نۆ مانگ بوو، لە رووداوێكی تەمومژاویدا لە نێو ماڵی خۆیان بە چەقۆ كوژران. ئێستا تەنیا كوڕێكیان ماوە كە لە كاتی رووداوەكەدا بەڕێكەوت لە ماڵی دراوسێیەكیان بووە.
گوندی چەمە بیسمیللا كە دەكەوێتە نێوان ناحیەی پێباز و قەزای كەلار و چەند ماڵێكی تێدا دەژین، بەهۆی گەورەیی ئەو رووداوەوە ناوی كەوتە سەر زاران. پێشتر خەڵكێكی زۆر تەنانەت لەنێو شارۆچكەی دەربەندیخانی نزیك ئەو گوندەش نەیاندەزانی لە تەنیشتیانەوە گوندێك بەو ناوە هەیە.
"نەخۆشیی دەروونی هەبوو"
ماڵی رێبوار و ماڵی باوكی لە دوو خانووی لە قوڕ دروستكراوی تەنیشت یەكدان، بەڵام پرسەكەی رێبوار و هاوژین و منداڵەكەی لە ناحیەی رزگاری دانرا، هاوسێكانی ماڵی رێبوار دەڵێن ئەو پیاوە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبوو، بۆیە خۆی و هاوژین و منداڵەكەی كوشت.
یەكێك لە دراوسێكانی بە (رووداو)ی گوت "ئەو رۆژە خوشكەكانی رێبوار هانایان بۆ هێناین كە براكەیان لە ماڵی خۆیدا ژن و منداڵەكەی كوشتووە و خەریكە خۆیشی دەكوژێ، بەڵام تا چووینە ماڵەكەوە چەقۆی لە خۆیشی دابوو".
ئەو دراوسێیەیان كە دەستبەجێ چووبوونە سەر رووداوەكە، گوتی "ئەو كاتەی چووم رێبوار خۆی بریندار كردبوو، بەڵام نەیدەتوانی قسە بكات و دواتر خستمانە نێو ئۆتۆمبێلەوە و بردیان".
شاخەوان عەلی، ئامۆزای رێبوار باسی نەخۆشییەكەی رێبواری كرد و گوتی "لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو رێبواریان لە نەخۆشخانەی دەروونی خەواندبوو، پزیشكەكان گوتیان بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە و دوای وەرگرتنی دەرمان كەمێك باش بوو، هەر ئەوكاتەی ئەو لە نەخۆشخانە بوو، دایكیشی بەهۆی نەخۆشكەوتنی رێبوارەوە خەفەتی خوارد و لە سەربانەوە كەوتە خوارەوە، بۆیە دایكی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتن و خۆیشی لە نەخۆشخانەی دەروونی بوو".
بە گوتەی ئەو ئامۆزایەی، لە رەمەزانی ساڵی رابردوودا دایكی كۆچی دوایی كردووە و ئەوەش كاریگەریی زیاتری لەسەر رێبوار هەبووە، بەڵام دووبارە دەستی بەكار كردووەتەوە "لە سەرەتای نەخۆشییەكەشیدا پزیشكەكان گوتیان نابێت خۆی ماندوو بكات، بەڵام رێبوار رۆژێك بەر لە رووداوەكە بە تراكتۆر زەوی ماڵی خەزووری كێڵابوو، رۆژی رووداوەكەش بەیانییەكەی زەوی ماڵی باوكی كێڵابوو".
شاخەوان لە زاری خوشكەكانی رێبوارەوە گێڕایەوە كە لە دەوروبەری كاژێر یەكی نیوەڕۆی ئەو رۆژە لەسەر زەوییەكە پێویستیان بە پارچەیەكی تراكتۆرەكە بووە و باوكی گوتوویەتی دەڕۆمەوە لە ماڵەوە دەیهێنم، بەڵام رێبوار نەیهێشتبوو ئەو بڕوات و خۆی چووبووەوە.
ئەو گوتی "سەرەتا چووبووە ماڵی باوكی و داوای چەكی كردبوو گوایە كەروێشك راودەكەن، بەڵام ماڵی باوكی چەكیان نەبوو، دواتر چووەتە ماڵی خۆیان و هەواڵی كوڕ و كچەكەی پرسیبوو، ئینجا داوای چەقۆی كردبوو، هەر لەوێدا چەقۆی لە پشت و سەر و دڵی هاوژینەكەی و پاشانیش كچەكەی داوە".
كاتێك دەنگە دەنگ لە ماڵی رێبوار بەرز دەبێتەوە، (س)ی برای رێبوار و هاوسێكانی بە راكردن دەچنە ماڵەكەی، دەبینن رێبوار دەرگای لەسەرخۆی داخستووە. بەڵام كاتێك دەرگاكە دەشكێنن، دەبینن رێبوار چەند چەقۆیەكی لەسەر گەدە و دڵی خۆی داوە.
شاخەوان دەڵێت رێبوار زۆربەی كات تەندروستی باش بوو، بەڵام ئەو كاتانەی خۆی ماندوو دەكرد، تووشی ئەو نەخۆشییە دەبووەوە. شاخەوان گوتی "لەو بڕوایەدا نەبووین رێبوار كارێكی لەو جۆرە بكات، چونكە هیچ كێشەیەكی نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت پزیشكەكان گوتبوویان نابێت خۆی ماندوو بكات".
"براكەی بێ تاوانە"
(س)ی برای رێبوار كە لەگەڵ دراوسێكانی بە هاواری ماڵی براكەیەوە چووە، دوای رووداوەكە بە بڕیاری دادوەر دەستگیر كرا، چونكە لەكاتی رووداوەكەدا بریندار بووە، بەڵام شایەتحاڵەكان دەڵێن (س) بێ تاوانە.
شاخەوان گوتی "برینەكەی (س) برینی چەقۆ نییە، بەڵكو لەكاتی شكاندنی دەرگاكە بریندار بووە. (س) هیچ تاوانی نییە".
"رووداوەكە روون نییە"
بەڵام نەقیب عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە (رووداو) راگەیاند "ئەو سێ تەرمە بە چەقۆ كوژراون و برایەكی كوژراوەكەش بریندارە و بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی كەلار بەندكراوە".
قەدوری گوتیشی "هەتا لێكۆڵینەوە تەواو نەبێت ناتوانین بڵێین براكەی تاوانبارە یاخود بێتاوانە، كۆمەڵێك بەڵگەمان لە شوێنی رووداوەكە هەڵگرتووە و كاری خۆمانی لەسەر دەكەین".
سەبارەت بە گوتەی شایەتحاڵ و كەسوكاری كوژراوەكەش كە دەڵێن ئەو پیاوە بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە خۆی و هاوژین و منداڵەكەی كوشتووە، گوتەبێژەكەی پۆلیسی گەرمیان گوتی كە تائێستاش رووداوی كوشتنی ئەو سێ كەسە روون نییە "نازانین پیاوەكە خۆی و هاوژین و منداڵەكەی كوشتووە یان نا، بۆ نەخۆشییەكەشی چاوەڕێی راپۆرتی پزیشك دەكەین".