قایمقامیەتی سلێمانی: هەر هۆتێلێک سواڵکەری تێدا بخەوێت خاوەنەکەی سزادەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامیەتی سلێمانی لە رێگەی لێژنەیەکەوە چاودێری هۆتێلەکان دەکات و رێگە نادات سواڵکەرەکان لە هوتێلەکان بمێننەوە. هەر خاوەن هۆتێلێکیش رێگە بە مانەوەی سواڵکەرەکان بدات، "سزا دەدرێت." سەرۆکی کۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستانیش دەڵێت، "زۆرینەی سواڵکەرەکان لە هەرێمی کوردستان کوردنین و بەشی زۆریشیان هەژار نین."
 
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، بەهۆی زۆربوونی سواڵکەرەوە بڕیاریانداوە لیژنەیەکی تایبەت بۆ چاودێریکردنی سەرجەم هۆتێلەکان پێکبهێنن، هەر خاوەن هۆتێلێک رێگە بە مانەوەی ئەو خێزان و منداڵانەی کە کاری نەشیاو یان سواڵ دەکەن بدات، سزای یاسایی دەدرێت.
 
رۆژی هەینی، 11-11-2022، دانا شوانی، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "درک بە زۆربوونی ژمارەی سواڵکەرەکان دەکەین، بەڵام نە ئێمە و نە حکومەتیش هیچ داتا و ئامارێکمان نییە، زۆربەی سواڵکەرەکانیش خەڵکی نێوەڕاست و باشوور و شوێنەکانی دیکەی عێراقن، یان هی وڵاتانی دیکەن و بەشێکی زۆریان بەخۆدەرخستنیان وەکو کەمئەندام، دەیانەوێت سۆزی خەڵک رابکێشن."
 
بەبڕوای دانا شوانی زۆربەی ئەوانەی سواڵ دەکەن، هەژار نین و دەڵێت: "زۆربوونی ژمارەی سواڵکەرەکان لاساییکردنەوە و خووە، هەندێکیان کە باسی زۆریی داهاتەکانیان دەکەن، دەبێتە فاکتەرێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەوانی دیکە."
 
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمەڵناسان و دەروونناسانی كوردستان رێوشوێنەکانی کەمکردنەوە و بەگژداچوونی دیاردەکە بە "ناکاریگەر" ناودەبات و دەڵێت: "ماوەی جارێک بەشێک لە سواڵکەرەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێن و دەبرێنە بنکەکان و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازاد دەکرێن و هیچ یاسایەک لە هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسەدا نییە."
 
بەشێکی زۆری ئەوانەی سواڵ دەکەن، ئافرەت و منداڵن، بە تایبەتی لە ترافیکلایتەکان یان مزگەوتەکان لە رۆژانی هەینیدا سواڵ دەکەن. سەرەڕای هەڵمەتەکانی پۆلیس، بەڵام تائێستا نەتوانراوە دیاردەکە بنبڕ بکرێت.