پارێزگاری کەرکووک: دەبێت هەر ئێستا جووتیارە کوردەکەی سەرگەڕان ئازاد بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک لەبارەی چارەسەری کێشەی زەویوزاری جووتیاران لە سنووری پارێزگاکە دەڵێت، لەگەڵ میکانیزمێک دەبن تێیدا یاسا سەروەر بێت. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت "هەر ئێستا" ئەو جووتیارە کوردە ئازاد بکرێت کە لەلایەن سوپای عێراقەوە لە سەرگەڕان دەستگیر کراوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 11-11-2024 رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە ئامادەبوونی فەرماندەی فیرقەی 8ی سوپای عێراق، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری سنووری سەرگەڕان، لەگەڵ نوێنەرانی جووتیاران کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە رێبوار تەها لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەوەی کە پێویست بوو قسەمان لەسەر کرد و رۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکەمان بە ئامادەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، فەرماندەی فیرقەی 8 لەگەڵ نوێنەرانی جووتیاران و ئەو کەسانە (لایەنی عەرەب) دەبێت کە بانگەشەی خاوەندارێتیی زەوییەکان دەکەن."
 
فیرقەی 8ی سوپای عێراق رێگە نادات بەشێک لە جووتیارانی کورد لە سنووری سەرگەڕان زەوییەکانیان بکێڵن. رێبوار تەها گوتی، "دەمانەوێت چارەسەری ئەو کێشەیە بە شێوەیەک بکەین کە یاسا سەروەر بێت، بەپێی یاسا کێ خاوەن مافە، ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنەدا دەبین."
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکات. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئاستەنگ هەیە و دەنگی لەسەر نەدراوە."
 
رێبوار تەها ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کیشەی جووتیاران نییە، "بەڵکو بۆ کێشەی ئیدارەکەشە کە ئێستا بەهۆی ناکۆکی لەسەر زەوییەکان ناتوانین وەکو پێویست خزمەتگوزاریی بگەیێنینە سەرجەم ناوچەکان."
 
بە گوتەی پارێزگاری کەرکووک، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار لەگەڵ لایەنەکان لەسەر میکانیزمێک رێکدەکەون کە یاسا جێبەجێ بکرێت و گوتی، "لە کۆبوونەوەی داهاتووماندا کە بە زووترین کات دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سەرگەڕان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدار دەبن. منیش لە کۆتاییدا بڕیارەکە دەدەم."
 
رێبوار تەها وەڵامی پرسیارێکی هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لەسەر دەستگیرکردنی یەکێک لە جووتیارانی سنوورەکە لەلایەن سوپای عێراق دایەوە و گوتی، "ئەوەی کە پێویستە ئەنجام دەدرێت، بڕوام بە خۆم هەیە و دڵنیام کە چی دەکەم و بڕوام بە برا جووتیارەکانی ئەو ناوچەیەش هەیە کە لەسەر حەقن."
 
پارێزگاری کەرکووک گوتیشی، "لێگەڕین بۆ براتان بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکات."
 
سەبارەت بەو جووتیارەی کە رۆژی چوارشەممە لەکاتی کارکردن لەسەر زەوییەکەی دەستگیرکرا، پارێزگاری کەرکووک رووی لە پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، "هەر ئێستا دەبێ ئازاد بکرێت. هیچ کەس بە منی نەگوتووە، بەڵام دەبێ هەر ئێستا ئازاد بکرێت."
 
عەرەبە هاوردەکانی سنووری سەرگەڕان لە ساڵی 1975 هێنراونەتە سنوورەکە و  زەوی کوردیان بە گرێبەست پێدراوە، ئەگەرچی لە دوای ساڵی 2003 قەرەبووی مادەی 140ـیان پێدراوە، بەڵام لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە گەڕاونەتەوە سنوورەکە و داوای زەوی کورد دەکەن.