پشتیوان سادق: یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کورد لە بەغدا لە هەموو شتێک گرنگترە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر دەڵێت، سوورن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نوێنەرانی کورد لە بەغدا لە هەموو شتێک گرنگترە.
پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دوای دەنگدانی لە بنکەیەی دەنگدان لە شاری هەولێر وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی، ئومێدیان دەخواست پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرایە، "ئەم خەڵکە ماندوو بوون و ئەزیەتیان بینی بۆ ئەوەی دەنگ بدەن. بێگومان پارتی زۆر بژاردەی هەبوو، بەڵام ئەوەمان بە پێویست زانی لەگەڵ هێزە سەرەکییەکان لە دانوستاندن بەردەوام بین."
لەبارەی روانگەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پشتیوان سادق گوتی، "بێگومان هەروەک جەنابی سەرۆک فەرمووی، دوای هەڵبژاردن روانگەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دوو شت دەبێت. یەکەم، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی حکومەت پێکبێت. دووەم، ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، ئەوەی کە پێشتر پێویست بوو، بیدەین یان لەگەڵ ئەو لایەنانە، ئەوە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێتەوە، بەڵام سەرەنجام پێداگرین لەسەر ئەوەی مافی خەڵکە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت."
سەبارەت بەو کارانەی پێویستە دوای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراقدا بکرێن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، پشتیوان سادق گوتی، "دەستوورێکمان هەیە لە عێراق و پێویستە ئەو دەستوورە جێبەجێ بکرێت. دووەمیان، پێویستە هێزە کوردستانییەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا یەکگرتوو و یەکڕیزبن بۆ ئەوەی باشتر بتوانن بەرگری لە مافەکانی کوردستان بکەن. ئەوە لە هەموو شتێک گرنگترە. لەبەر ئەوەی ئێمە بەپێی ژمارەی کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مامەڵە ناکەین، بەڵکو بەپێی مافی پێکهاتەیەکی سەرەکی کە کوردە پێویستە مامەڵە بکرێت."