لە دیبەگە لە شەڕەتەقەی نێوان چوار ماڵدا کەسێک دەکوژرێت و دووانیش بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا کە چوار ماڵ بوون چەکی تێدا بەکارهێنراوە کەسێک دەکوژرێت و دووانی دیکەیش بریندار بوون.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە شارۆچکەی دیبەگە رایگەیاند نزیکەی کاژێر 12:00ی ئەمڕۆ سێشەممە 2025/11/11 ئەو شەڕە لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیەدا روویداوە و، پێش سێ مانگیش هەمان دوو بنەماڵە لەسەر هەمان بابەت شەڕیان کردووە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە دا کە "کەسێک کوژراوە و دوو بریندار هەیە و یەکێک لە بریندارەکان ئافرەتە" و لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن.
مستەفا گۆران لێدوانی لە ئاسایشی دیبەگە وەرگرتووە و پێیانڕاگەیاندووە "شەڕەکە لەسەر جۆگەی ئاو بووە و سەرەتا بە شەڕە مست بووە و دواتر بووەتە شەڕی چەک و تەقەیان لە یەکدی کردووە".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە دا کە لە شەڕەکەدا "چەکی کڵاشینکۆف و بیکەیسی و ئاڕپیجی بەکارهاتووە".
ئەمڕۆ کە لە عێراقدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، ئاسایشی دیبەگە باسی لەوە کردووە کە "شەڕەکە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە" و، ئەوان هەر زوو گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و کۆنترۆڵیان کردووە.
ئاسایشی دیبەگە بە پەیامنێری رووداوی راگەیاندووە: "لێناگەڕێین شەڕەکە تەشەنە بسێنێت و حەوت کەس دەستگیرکراون"
مستەفا گۆران ئاماژەی بەوە دا کە چەند کەسێکی تر لە بنەماڵەکان لەناو ماڵدان و چەکیان پێیە و ئاسایش قسەیان لەگەڵ دەکەن.