ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیێنرا

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کاژێر 08:00ی ئەمشەو شەممە ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان راگەیاند.
 
رۆژی شەممە 11-12-2021 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "راگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان /  خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان کە ساڵانە بەڕێژەى (10% بۆ 20%) کەمدەکرێتەوە، ئەمەش لەپێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان."
 
پێشکێشکارانى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان دەتوانن لەڕێگەى لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە کۆدى تاقیکردنەوەکانیان وەربگرنەوە.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "پێویستە وەرگیراوان لەماوەى سێ رۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت."
 
پێشتر ئەو قوتابییانەی ناوی خۆیان لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان تۆمارکردبوو گلەیی ئەوەیان دەکرد کە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ناوەکان درەنگتر رادەگەیێنرێت، چونکە ماوەی چەند مانگێکە خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستیپێکردووە. 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن 43 هەزار و 277 خوێندکاری لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگرتووە و چوار هەزار و 67 کورسی بە تاڵیش ماونەتەوە. هەروەها 82%ی خوێندکاران ئەمساڵ وەرگیراون.