کەلوپەلی نێو ماڵەکەی شێرکۆ بێکەس مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە

رووداو- سلێمانی

شێرکۆ بێکەس، یەکێکە لە ئەستێرەکانی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی . لە ماڵەکەی کتێبخانە و کەلوپەلە تایبەتەکانی وەک جلوبەرگ ، چاویلکە و تەنانەت دواهەمین پاکەتی جگەرەکەی لە ژوورەکەی ماونەتەوە و تۆزی فەرامۆشییان لێ نیشتووە.


وەک پاسەوانی ماڵەکە دەیگێڕێتەوە، بەشێک لەو کەلوپەلانەی لە شێرکۆ بێکەس جێماون مۆرانە لێیداون، یاخود بەهۆی نسرمی خانووەکەوە بەشێک لە کتێبەکانی فەوتاون.

بە مۆزەخانەکردنی ماڵ و نمایشکردنی کەلوپەلە تایبەتەکانی نووسەران و هونەرمەندان دوای مردنیان لەمێژە لەجیهاندا بووەتە کولتوور و وەک سەرمایەیەکی نیشتمانی و رۆشنبیری تەماشادەکرێت ، بەڵام لە کوردستان ئەمە نەبووەتە مۆدێل و کاری لەسەر نەکراوە.

شێرکۆ بێکەس، ساڵانی کۆتایی ژیانی لەباشووری کوردستان لەم خانووەدا بەسەربردووە، ئێستا تەنیا کەلوپەلە تایبەتەکانی لەو ماڵەدا ماون، بەڵام بەھۆی چۆڵی و فەرامۆشکردنیەوە ، بەشێکی لەناوچوون و مەترسی لەناوچوونی لەسەربەشەکەی دیکەی ھەیە.

پێشڕەو عەبدوڵڵا ، پاسەوانی ماڵەکەی شێرکۆ بێکەس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی 11 ساڵە من لەم ماڵەدا دەژیم ، 7 ساڵی لەگەڵ ماۆستا خۆیدا ژیاوم ، ئێستا بەھۆی تەڕوتووشی و شێدارییەوە ، بەشێک لەکەلوپەلەکانی ئەم ماڵە خراپ بوون و فڕێدراون ، من بەشێکی ئەو کەلوپەلەخراپانەم ھەر پاراستووە ، بۆ ئەوەی بەو شێوەش ھەربمێنێتەوە".

کامەران سوبحان ، گلەیی لە فەرامۆشکردنی ماڵی ئەو شاعیرە بەناوبانگەی کورد دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "زۆربەی کەلوپەل و کتێب و دەستنووسەکانی شاعیر مۆرانە لێیداون و خراپ بوون ، ئێستا لەرێگەی تووتن و ئەسپەنیکەوە ، پارێزگاری لەوانەی ماون  دەکرێت ، لەکوێی دونیادا ماڵی شاعیرە بەناوبانگەکان بەوشێوەیە فەرامۆش دەکرێت".

ئەم نووسەرە یەکێکە لەھاوڕێ دێرینەکانی شێرکۆ ، دەڵێ ھەرچەندە نازناوی شاعیر بێکەس بوو ، بەڵام ھەموو نەتەوەکەی بە کەسی خۆی دەزانی ، ھەربۆیە پێوایە ئەو سەرمایەیەی ئەو جێیھێشتووە دەبێت وەک شیعرەکانی لەناو خەڵکدا بمێننەوە.

مستەفا ساڵح کەریم ، نووسەر و ھاوڕێی شیرکۆ بێکەس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەجمەدینی مەلا دەیگوت ئێمە مردوو پەرستین، بەڵام ئێستا ئەوە پێچەوانە بووەتەوە و مرووەکانیشمان فەرامۆشکردووە ، ھەربۆیە دەبێت ئەو کەلوپەلانەی لەدوای شێرکۆ بەجێماون وەک بەرھەمەکانی بەزینوویی بھێڵینەوە".

شێرکۆ بێکەس ساڵی 1940 لە سلێمانی لەدایکبوو

یەکەمین شیعری لە 17 ساڵیدا بلڵاوکردووەتەوە 

ساڵی 1968یەکەمین دیوانی بڵاوکردووەتەوە 

ساڵی 1988لە سوید خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" پێ بەخشرا

دامەزرێنەری دەزگای سەردەم بووە

٤ی ئابی 2013لەسوید کۆچی دوایی کرد

لەسەر وەسیەتی خۆی لەپارکی ئازادی سلێمانی نێژرا