لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان بەهۆی بەفر و کڕێوەوە پرۆسەی خوێندن راگیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە 8 پارێزگای باکووری کوردستان بەهۆی بارینی بەفر و ناجێگیریی رەوشی کەشوهەواوە، لە قوتابخانەکان کرایە پشوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026 لە پارێزگاکانی دێرسم، چەولیگ، خارپێت، سەمسوور، مەڕەەش، مەڵەتی، سێواز و ئامەد ـی باکووری کوردستان بەهۆی بەفربارین و سەختیی کەشوهەوای زستانەوە، خوێندن لە قوتابخانەکاندا راگیرا.
پارێزگای دێرسم رایگەیاند، بەهۆی بەفربارین و سەختیی کەشوهەواوە بڕیاردراوە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە 12 و 13ی کانوونی دووەمی 2026 بۆ ماوەی دوو رۆژ خوێندن لە قوتابخانەکاندا رابگیرێت. لە زانکۆی مونزوری پارێزگاکەشدا خوێندن بۆ ماوەی دوو رۆژ وەستێندرا.
لە پارێزگاکانی سێواز، مەڵەتی، مەڕەش و چەولیگ بەهۆی بەفربارین و بەستەڵەکەوە دەوام بۆ ماوەی رۆژێک راگیرا.
لە پارێزگای ئامەد لە یەک شارۆچکە، لە پارێزگای سەمسوور لە سێ شارۆچکەی و لە پارێزگای خارپێت ـیش لە نۆ شارۆچکەدا بۆ ماوەی یەک رۆژ خوێندن لە قوتابخانەکاندا راگیرا.
لەو پارێزگا و شارۆچکانەدا کە پشووی خوێندن راگەیێندراوە، فەرمانبەرانی حکومەتی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ژنانی دووگیان، ناچنە سەر کار و ئەو رۆژەیان وەک مۆڵەتی کارگێڕی بۆ هەژمار دەکرێ.
لە باکووری کوردستان، لە هەفتەی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین چەندین ناوچەی گرتووەتەوە و کەشوهەوایەکی سەختی زستانە باڵی بەسەردا کێشاوە.