گومرگ: هەر ئۆتۆمبێلێک پێش بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کڕابێت، بە رێنمایی کۆن داخڵ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ وەڵامی نیگەرانیی بازرگانانی ئۆتۆمبێل دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، هەر بازرگانێک بیسەلمێنێت کە ئۆتۆمبێلەکەی پێش دەرچوونی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ کڕیوە، بەپێی رێنماییە کۆنەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێنماییەکی نوێدا کە لە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرچووە و سەرەتای ئەمساڵ جێبەجێ کراوە، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی "شاسی بڕاوە، ژێرئاوکەوتوو، سووتاو، ئێرباگ تەقیو و بێ ABS"ـی قەدەخە کرد. بڕیارەکە ناڕەزایەتیی بەشێک لە بازرگانانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن "سەدان ئۆتۆمبێلیان لە خاڵە سنوورییەکان گیریان خواردووە."
هێمن عەلی، بەڕێوەبەری ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگاداری کێشەکەن و نووسراویان بۆ وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە.
بەڕێوەبەرەکەی گومرگ گوتی: "هەر بازرگانێک بیسەلمێنێت کە ئۆتۆمبێلەکەی پێش دەرچوونی بڕیارەکە کڕیوە، بەپێی رێنمایی کۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
هاوکات د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون بە رووداوی گوت: "رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە لە دوای 01-01-2026ـەوە دەکڕدرێن."
سەردار کێستەیی، خاوەنی کۆمپانیایەکی بازرگانیی ئۆتۆمبێل لە دهۆک، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "42 ئۆتۆمبێلم لە ئیبراهیم خەلیل گیریان خواردووە کە لە مانگی 10ی 2025 کڕیومانە و تەنیا لەسەر کێشەی ئێرباگ رێگرییان لێدەکرێت."
بە بڕوای ئەو بازرگانە، هەر رێنماییەک دەربچێت "پێویستە 3 مانگ پێشوەخت ئاگادارمان بکەنەوە."
رەیان بێسفکی، کە بازرگانێکی دیکەی ئۆتۆمبێلە دەڵێت: "ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلمان لە ئەمریکاوە کڕیوە و لە خاڵی سنووریی مێرسین گیریان خواردووە، داوا دەکەین ماوەیەکمان پێبدرێت، ئەگەرنا هەموومان زەرەرمەند دەبین."
بەشێک لە خاوەن پێشانگاکان پشتگیری لە بڕیارەکە دەکەن. فارس محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر لە (بەرپرسیار) گوتی: "زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێن، لەلایەن فیتەری ناشارەزاوە لە دوبەی چاکدەکرێنەوە؛ کیلۆمەترەکانیان دەستکاری دەکرێت، ئێرباگیان تەقیوە یان بەر لافاو کەوتوون، ئەمەش مەترسییە بۆ گیانی هاوونیشتمانییان."
عەبدی مستەفا، سەرۆکی سەندیکای پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە دهۆک، هاوڕایە و بە "بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵک" ناوی دەبات، بەڵام داوا دەکات مۆڵەت بەو بازرگانانە بدرێت کە پێشتر ئۆتۆمبێلیان کڕیوە و ئاگاداری رێنماییە نوێیەکان نەبوون.