دەرکردنی کچە قوتابییەکەی هەولێر رەتدەکرێتەوە
رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی لە قوتابخانەیەکی هەولێر قوتابییەک بۆ ماوەیەک لە قوتابخانەکەی دیارنامێنێت و ون دەبێت، کەسوکاری دەڵێن مامۆستای قوتابخانەکە دەریکردووە، بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک ئەو قوتابییە لە قوتابخانە دەرنەکراوە".
شەوی یەکشەممە 12-2-2017، کەسوکاری ئەو قوتابییە لە رێگەی رووداو داوایان کرد، ئاگادارییەک لەبارەی ونبوونی کچەکەیان لە رووداو بڵاوبکرێتەوە، کە چەند کاژێرێک لە قوتابخانە دیارنەماوە و بزربووە، دواتر باوکی کچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " کاژێر 2:00ی دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 12-2-2017، کچەکەم کە تەمەنی 13 ساڵە و پۆلی هەشتی بنەڕەتییە، مامۆستاکانی لەسەر پۆشینی جلوبەرگ، کە لەگەڵ شێوازی قوتابخانەکەدا نەگونجاوە دەریان کردووەتە دەرەوە و دیارنەماوە"، بەڵام دواتر بەڕێوەبەری قوتابخانەکە رەتیکردەوە قوتابییەکەیان دەرکردبێت.
رووداو پەیوەندی بە پۆلیسی قەزای بنەسڵاوەی نزیک شاری هەولێر کرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەبارەی رووداوەکە بدەن.
خەلیل، باوکی کچەکەیە و لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی کە (م)ی کچم دەچێتە قوتابخانە، کابۆیەکی شین لەبەر دەکات، بەڵام مامۆستاکانی لێی توڕە دەبن و لە پۆل دەیکەنە دەرەوە".
لەبارەی ئەوەی کە کچەکە دوای ئەوە بۆ کوێ چووە، باوکی ماردین دەڵێت "کچەکەم لە ترسان نەیویستووە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەژێر تانکی قوتابخانەکە خەوی لێکەوتووە و بۆماوەی چەند کاژێرێک هیچ هەواڵێکی کچەکەمان نەبوو، ئێمەش کەوتبووینە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە".
لەبەرامبەردا کوردستان عومەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی پەری ئەو قسانەی رەتکردەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " بەهیچ شێوەیەک ئێمە ئەو قوتابییەمان لە قوتابخانە نەکردووەتە دەرەوە، بەڵکو کاتێک ئێمە لەسەر پۆشینی جلوبەرگەکەی، کە کابۆ و بلوزێکی لەبەربوو، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانی قوتابخانەیە، دواتر ئێمە ئیجرائاتی یاسایی خۆمان لەگەڵ کرد و پێمان گوت، دەبێت کەسوکارت لەوە ئاگاداربکەینەوە و نابێت جارێکی دیکە بەم جلوبەرگەوە بێیتە قوتابخانە".
بەڕێوەبەری قوتابخانەی پەری دەشڵێت "دوای ئەوەی پەیوەندیمان بە دایک و باوکی کرد، کچەکە زانیویەتی ئەوان دێنە قوتابخانە، بۆیە لە ترسان دیارنەماوە و لە قوتابخانە چووەتە دەرەوە".
کاژێر 10:00ی شەوی یەکشەممە 12-2-2017، یەکێک لە دراوسێکانی قوتابیەکە، بەمەبەستی بەدوا گەڕانی ئەو کچە سەردانی نووسینگەی سەرەکی تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر کردو رایگەیاند "کچێک لە قوتابخانەی پەری لە بنەسڵاوە کاژێر 2:00ی رۆژی یەکشەممەوە لە قوتابخانە بووە، دواتر دیار نەماوە".
بەڵام دوای ماوەیەک رووداو بە دواداچوونی کرد و پەیوەندی بە باوکی کچەکەوە کرد و بە رووداوی راگەیاند، کە کچەکەیان دۆزراوەتەوە. راشیگەیاند "تەندروستی کچەکەیان زۆر باشە و ئێستا لە ماڵەوەیە". گوتیشی "سبەی سکاڵا لەسەر ئەو قوتابخانەیە تۆماردەکەین".