کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوەدەچێت
رووداو - هەولێر
کۆنفرانسی ئامار و سەرژمێریی عێراق لە هەولێر لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت، تێیدا نزیکەی 70 توێژینەوە لە دوو رۆژدا لەسەر میکانیزمی ئامارگرتن و سەرژمێریی عێراق دەخرێنەڕوو.
کورد لەنێوان نیگەرانی و چارەسەری بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان قسەی خۆیان هەیە لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێ "رێککەوتنمان هەیە لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ وەزیری پلاندانان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بتوانین رێکارێک بدۆزینەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆئەوەی مافی هاووڵاتییانی کوردستانی پارێزراوبێت".
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک رێکارمان دیاریکردووە، دەبێت ئەو رێکارانە لەو ناوچانە بگیرێنەبەر بۆئەوەی راستیی ئەو ناوچانە دیاریبکرێت لەکاتی سەرژمێریدا نەک ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە دەگوزەرێت و دەشڵێ "ئەگەر ئەمە بکەن دەکرێت بڵێین سەرژمێری لەو ناوچانە سەرکەوتوو دەبێت، ئەگەر نەکرێت چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆئەوەی بزانین چۆن بڕیار بدەین".
بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەڵێن، هەموو ئامادەکارییەکان کراون کە لە مانگی 10ی 2020 سەرژمێری لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت.
نووری دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند "بۆئەوەی بەردەوامبین لە ئامادەکارییەکان، بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگە داریی و کارگێڕییەکان، هەوڵماندا زاڵبین بەسەر هەرشتێک کە ڕێگرە لەپێش ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییە. ئەمڕۆش ئێمە نزیکین لە دەستپێکردنی هەنگاونان بەشێوەی کرداری بۆ دەستپێکردنی سەرژمێری کە پشت بە خودا بەمزووانە ئەنجامی بدەین".
ئەنجامدانی سەرژمێریی عێراق پێویستی بە ستافێکی 150 هەزار کەسی هەیە. وەک لایەنێکی سەرەکی بەڕێوەبردنی سەرژمێری عێراق، رووداو لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی پرسی، سەرەکیترین ئاڵەنگاریی بەردەم سەرژمێری چییە؟
لە وەڵامدا ئۆلێرمی سۆگیورنۆ، بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سەرژمێری لە عێراق گوتی "سەرەکیترین ئاڵەنگاری و بەربەست سەرچاوەی مرۆییە کە ئەویش نابێتە کێشە، ئێمە بەنیازین راهێنانەکان دەستپێبکەین، چ بە هێنانی راهێنان بێت لە دەرەوە یاخود لە ناوەوە، بۆ ئەنجامدانی کارەکان".
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە، ئەم ئامارە ناوچە کێشەلەسەرەکان لەخۆناگرێت. سێبەری سڕینەوە بە بیانووی جۆراوجۆر لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەردەوام بەسەر کۆمەڵگەی کوردییەوە زاڵ بووە و لە سەرژمێریی 2020دا کورد هیوادارە کە وەک کاراکتەری سەرەکی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و چارەنووسی نەکەوێتە دەستی شانۆگەرە سیاسییەکانەوە.