ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق: تورکیا پەکەکە دەکاتە پاساو بۆ هێرشکردنەسەر شنگال
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەویی لەسەر چیای گارە له سنوورى پارێزگاى دهۆك دەستپێکرد، وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە باکووری عێراق بەردەوامدەبێت.
لەبارەی ئەو هێرشەی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان عەباس سرووت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی حیکمە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیای بە "پێشێلکردنی سەروەری عێراق" باسکرد و بە رادیۆی روودای راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی تورکیا هێرشێکی سەربازیان لە چیای گارە لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە، "ئەوەش پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتیشی: "قەبارەی هێزەکانی تورکیا تەنیا بۆ پەکەکە نییە، ئەوان دەیانەوێت هێزەکانیان جێگیر بکەن و بمێننەوە، نابێت تورکیا پاساوی پەکەکە بکاتە هۆکاری هێرشکردنەسەر عێراق و سەروەری ئەو وڵاتە پێشێل بکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەباس سرووت گوتی: "هاوئاهەنگی و رێککەوتنی پێشووتر لەنێوان تورکیا و عێراق هەبووە، بەڵام بۆ ئەوە نەبووە تورکیا بێتە نێو خاکی عێراق و سەروەری پێشێل بکات".
لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشی سەربازی سەر شنگال گوتی: "پەکەکە لە تورکیاش هەن بەردەوام هێرشدەکەن، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتەسەر شنگال تەنیا پاساوە و بۆ دەستوەردانە لە کاروباری عێراق، حکومەتی عێراق دەبێت هەموو رێگە دیپلۆماسییەکان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بەر لە هێرشی لەو جۆرە بگرێت".
نزیکەی سێ هەفتە پێش ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی وەڵامدانەوەی بەشێک لە رۆژنامەڤانان، لەبارەی هێرشکردنە سەر شنگال رایگەیاند: "من هەمیشە گوتەیەکم هەیە کە دەڵێم 'شەوێک لەناکاو دێین' هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە".