تەرمی دانەر چۆن دۆزرایەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 60 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی تەرمی دانەری 10 مانگ، ئەمڕۆ شەممە 12-02-2022، تەرمەکەی لە گوندی سۆربەش دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا، دوای دڵنیابوونەوەی 100٪ـیش، تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.
 
لەنێو پزیشکی دادی هەولێر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بێسەروشوێنی بوونی تەرمی دانەر کەسەرێکی زۆر گەورەبوو، سوپاس بۆ خودای گەورە ئەمڕۆ بەیانی لە دەوروبەری کاژێر 7:00 تەرمەکە لەلایەن کرێکارێکەوە دۆزرایەوە."
 
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، بەیانیی ئەمڕۆ کاتێک کەسێک بەناوی "ئاری دەچێتە کرێکاری، ئاسەواری شتێک دەبینێت و بەدوایدا دەگەڕێت، لە ئەنجامدا پۆلیس و بەرگریی شارستانی لێ ئاگادار دەکاتەوە، دوای گەڕان لە ناوچەکە، جلوبەرگی دانەر و بەشێک لە جەستەی، کە کەللـەی سەریەتی دەدۆزرێتەوە، ئێستا رێکارە یاساییەکان و شیکارییەکان گیراونەتە بەر."
 
ئاری مەهدی، ئەو کرێکارەی کە تەرمەکەی دۆزییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ هاوەڵزاواکەم دەچووم بۆ سەر کار، کاری کرێن دەکەم، بینیمان لەنزیک قامیشەکان کەلـلەسەرێک کەوتبوو، نزیکبووینەوە و تەماشامان کرد سەری منداڵێک بوو و نزیک بوو لە ئەو. دواتر باوکی دانەر هات و تەماشای کرد، پاشان جلوبەرگ و هەندێک ئێسکیان دۆزییەوە."
 
پەیامنێری رووداو لە ئاری پرسی، چۆن بیرت بۆ ئەوە چوو کە تەرمەکە تەرمی دانەر بێت، ئەو گوتی، "هەر لە دڵمان بوو، بەڕاستی خەم و خەفەتی نەبینینەوەی ئەو منداڵە بۆ هەموومان گەورەبوو." دەشڵێت، کاتێک بینیویانەتەوە سەری موی پێوەمابوو و بەشێوەیەک بوو کە دەستی کەوتبووە ژێر خۆی. 

 

 
سەبارەت بە دڵنیابوونەوەش لە تەرمەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی، "دوای دڵنیابوونی باوکی، 100٪ دڵنیابووەتەوە کە ئەوە، بنەمای دیکەش مەسەلەی تەمەنە، منداڵە و ناسکە، رەنگە لەگەڵ فشاری ئاو و ئەو مەودایەی کە رۆیشتووە، هەموو جەستەی نەماوە و تێکچووە، بەڵام دوای دڵنیابوونی باوکی لە جلوبەرگەکانی، 100٪ دڵنیابووەتەوە ئەوە، تەمەنەکەش هەمان تەمەنی دانەر بووە."
 
ئومێد خۆشناو گوتیشی، "دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان لە پزیشکی داد، تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە، ئێمەش وەکو کەسوکاری ئەو بەشداری لە رێوڕەسمی ناشتنەکەی دەکەین لە قوشتەپە."
 
پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەموو تیمەکان و رێکخراوەکان و کەسانی خۆبەش و خەڵکی ناوچەکەی کرد کە لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا لە گەڕان بەدوای تەرمی دانەر بەردەوام بوونە.
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەدا "دۆزینەوەی تەرمەکەی بەشێک لە خەمی ئێمە وەکو ئیدارە و کەسوکارەکەی بە تایبەتی دایک و باوکی کەمدەکاتەوە کە بە دڵنیایەوە کارەساتێکی زۆر گەورەبوو. جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە کاک نەبەز و خانەوادەی هەموو قوربانییەکان دەکەین، ئەوانە کەسوکاری ئێمەبوون، خوای گەورە سێبووری هەموو لایەک بدات."
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا نەبەز ساڵح، باوکی دانەر سوپاسی هەموو خەڵکی کوردستان و کەسوکارەکەی و پارێزگار و تەواوی دەزگاکانی حکومەتی کرد و رایگەیاند: "بەڕاستی پێمانەوە ماندوو بوون و ئەرکێکی زۆریان کێشا."
 
 
نەبەز ساڵح گوتیشی، "پرسە تەنیا لە ماڵی ئێمە نەبووە، چونکە دانەر بووە هی هەموو کوردستان. سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم، سوپاسی دەزگا ئەمنییەکان دەکەم، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە هاوخەممان بوونە، سوپاسی تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەم، دەستخۆشی لە راگەیاندنەکان دەکەم و سوپاسی هەمووتان دەکەم."
 
تەرمی دانەر دوای ئەوەی لەنێو بەرماڵێکدا برایەوە ماڵەوە بۆ لای دایکی، لە گۆڕستانی قوشتەپەی خواروو بە خاک سپێردرا.