راپۆرتێک: زیاتر لە 44٪ـی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی مەڕەش بە رێکی خۆراکیان پێناگات
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا و سەندیکای خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵ، هێشتا 44.3٪ـی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023، بە رێکی خۆراکی پێویستیان پێناگات.
ئەو راپۆرتە کە شەوی 11-2-2025 بڵاوکرایەوە و دووەم ساڵە دوای بوومەلەرزەکەی مەڕەش بڵاودەکرێتەوە، تێیدا جەخت لەسەر بڕ و جۆری خۆراکی زیانبەرکەوتووان کراوەتەوە.
ئەم راپۆرتە باسی مافی زیانبەرکەوتووان، خۆراک، خوێندن، کارکردن، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکات.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە: "بەپێی پێوەرەکانی رێنمایی خۆراکی تورکیا؛ لە منداڵانی تەمەن 12-59 مانگدا رێژەی خواردنی شیری پێویست 13.7٪ـــە و رێژەی خواردنی سەوزە بە شێوەیەکی گونجاو بە 8٪ تۆمارکراوە. رێژەی خواردنی دانەوێڵە بە شێوەیەکی گونجاو 6.7٪ بووە و 44.3٪ـی ماڵباتەکانیش بە رێکی دەستیان بە خۆراکی پێویست ناگات".
یەکێتیی پزیشکانی تورکیا و سەندیکای خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵ لە راپۆرتەکەیاندا رەخنە لە حکومەت دەگرن و باس لە بوونی کەموکوڕی دەکەن.
هاوکات بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دەڵێن، ئەو خزمەتگوزارییەی لەو ماوە کورتەدا پێشکێشی زیانبەرکەوتووان کراوە، زۆر زیاترە لە چاوەڕوانییەکان. حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە دروستکردن و رادەستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە زیانبەرکەوتووان.
لە دوایین هەنگاودا رۆژی 2-2-2025 لە ئامەدی باکووری کوردستان، 230 ماڵباتی زیانبەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیاوە وارخانە (شوقە)یان پێدرا.
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان پارێزگای مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەڕەش و دەورووبەری، زیاتر لە 50 هەزار کەس بوو.