ئومێد خۆشناو: لە هەولێر بەبێ مۆڵەت رێگە بە هیچ خۆپیشاندانێک نادرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئومێد خۆشناو، پارێزگار و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی هەولێر، سەبارەت بەو خۆپیشاندانەی هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر بە بیانووی "بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ئاینی ئیسلام" ئەنجامدرا، رایگەیاند، لە هەولێر بەبێ مۆڵەت رێگە بە هیچ خۆپیشاندانێک نادرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی هەولێر لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی مێرمنداڵێک لەکاتی خۆپیشاندانی پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان هۆنراوەیەکی خوێندەوە کە هی خۆی نەبوو، دواتر خۆی و خێزانەکەشی کە موسڵمانن چەندینجار داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت لەنێو سەنتەری شاردا خۆپیشاندانیان کرد.
 
پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە، خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بەپێی یاسا و رێنماییەکان رێگەپێدراو نییە و بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە؛ هەر کەس و لایەنێکیش بەبێ مۆڵەت خۆپیشاندان بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێکاری پێویستی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
 
لەبارەی ئەو بانگەوازانەی ماوەیەکە لەلایەن "چەند کەسێکی تووندڕۆوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دووبارە لە هەولێر دەکرێن"، ئومێد خۆشناو رایگەیاند: "هیچ هۆکارێک نییە ئەو کەسانە خۆپیشاندانی بۆ بکەن، ئێمە هێزە ئەمنییەکان، ئاسایش و پۆلیسمان دەستکراوە کردووە ئیجرائاتی تووند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن کە ئەو کارە بکات".
 
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، خۆپیشاندان، گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین رێکاری یاسایی خۆی هەیە و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە هەولێر رێگە بە هیچ خۆپیشاندانێک نادرێت.