مەسرور بارزانی و باڵیۆزی جۆرجیا تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی جۆرجیا لە عێراق کۆبووەوە و جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردەوە. هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریاشیان تاوتوێ کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە (12-2-2026)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئارچیل دزولیاشڤیلی، باڵیۆزی جۆرجیا لە عێراق، ئوردن و لوبنان کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و جۆرجیا "لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان سەرۆکی حکومەت و سەرۆکوەزیرانی جۆرجیا لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی."
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتی "گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا."