خوێندنی باڵا بڕیارێک لەبارەی نمرەی دەرچووانی 12ی ئامادەیی بڵاودەکاتەوە

رووداو - هەولێر 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بڕیارێک لەبارەی نمرەی دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ وەرگرتنیان لە سێ کۆلێژ بۆ هەردوو زمانەکانی کوردی و عەرەبی دەردەکات و رایدەگەیێنێت "بۆ خوێندکارانی سێ کۆلێژ ئارەزومەندانە دەبێت و ئەو بڕیارەش بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردییە، بەڵام  بۆ سەرجەم بەش و کۆلێژەکانى دیکە هاوشێوەى ساڵانى رابروود دەبێت".


لە دوایین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا نمرەى دەرچووانى 12ى ئامادەیى بۆ زمانەکانى کوردى و عەرەبى، بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێژەکانی (پزیشکى، ئەندازیارى و زانست) ئارەزومەندانە بێت.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەی دەقی بڕیارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " پێویستە سەرجەم خوێندکاران بەشداریى لە تاقیکردنەوەى زمانەکانى (کوردى و عەرەبى) بکەن و لێیى دەربچن، بەڵام تەنها بۆ ئەو خوێندکارانەى داواکارى پێشکەش دەکەن بۆ وەرگرتن لە کۆلێژەکانى پزیشکى، کۆلێژى ئەندازیارى و کۆلێژى زانست، ئەژمارکردنى نمرەکانى (کوردى و عەرەبى) ئارەزومەندانە بێت، بەڵام بۆ سەرجەم بەش و کۆلێژەکانى دیکە هاوشێوەى ساڵانى رابروود دەبێت".

بەگوتەی عەباس ئەکرەم، ئەم بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشتر بەهەڵە لەلایەن چەند کەسێکەوە "شیکردنەوە و لێکدانەوەى نا لۆژیکى" بۆ کراوە، بەڵکو ئامانجى سەرەکى بڕیارەکە بۆ ئەوەیە پێوەرى هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لەو بەشانە وردتر دەستنیشان بکەین، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەى روو لەو بەشانە دەکەن خۆیان بۆ پسپۆڕییە تایبەتمەندییەکان تەرخان بکەن.

گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشگەیاند "بڕیارەکە بەهیچ شێوەیەک دژایەتیکردنى زمانى کوردى نییە، بەڵکو وەزارەت خۆى بەخاوەنى پەرەپێدانى زمانى کوردى دەزانێ و، لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمیشدا چەندین پرۆژەى بۆ خزمەتکردن بەزمان و ئەدەبى کوردى جێبەجێکردوە"، لەوانە:

یەکەم: جێبەجێکردنى پرۆژەى خوێندنى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ ئەو خوێندکار و مامۆستایانەى، کە کوردى زمانى دایکیان نییە و لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن و وانە دەڵێننەوە، ئەم پرۆژەیەش سەرکەوتنى باشى بەدەستهێناوە و لە ئێستا لە هەوڵى فراوانکردنین.

دووەم: لە چەند ساڵى رابردوودا قوتابخانە کوردییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بەرەو چۆڵبوون دەڕۆشتن، بەڵام بەهۆى بڕیارێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى قوتابخانە کوردییەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ماوەى دوو ساڵە ئەو قوتابخانانە زیاتر و زیاتر ئاوەدان بونەتەوە و خوێندکاران روو لەو قوتابخانانە دەکەن کە خوێندن تێیاندا بەزمانى شیرینى کوردییە.

سێیەم: یەکێک لە بەرنامە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەم کابینەیەى حکومەتى هەرێمدا دەستپێکردنى (پرۆسەى ناساندن و نێودەوڵەتى زمانى کوردى) و بایەخدانە بەزمانى کوردى، ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەى بڕیارەکەى پێشتر لە دواین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیارى لەسەر دراوە،  ئەم بەرنامەیەش یەکێکە لە بەرنامە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان کە تایبەتە بەدابینکردنى زەمالەى زمان و ئەدەبى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى و، ئەوەش بریتیە لە پرۆژەیەکى نەتەوەیى وەزارەتەکەمان بۆ خزمەتکردن بەزمانى کوردى.