15 پارێزەر بەناوی وەرگرتنی ئیقامە پارە لە بیانییەكان وەردەگرن
رووداو - هەولێر
چەند پارێزەرێك بەناوی وەرگرتنی ڤیزە و ئیقامە لە كوردستان پارە لە خەڵكی بیانی وەردەگرن و ئیقامەشیان بۆ دابین ناكەن، هەندێك لەو پارێزەرانە دواتر ئەو كۆدە دەفرۆشنەوە كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ وەرگرتنی ڤیزە وەریدەگرن.
(س.ی) گەنجێكی میسرییە و بۆ كاركردن هاتووەتە هەرێمی كوردستان. ئەو لەڕێگەی پارێزەرێكەوە ڤیزەی بۆ وەرگیراوە، بەڵام ئیقامەی بۆ وەرنەگرتووە. (س) بە (رووداو)ی گوت: "شەش مانگ لەمەوبەر ویستم لەڕێگەی پارێزەرێكەوە ئیقامە وەربگرم و هەزار دۆلاریشم دا، بەڵام پارێزەرەكە ئیقامەی بۆ وەرنەگرتم و پارەكەشی نەدامەوە، بۆیە سكاڵام لەسەری تۆمار كرد".
(س) كە ئێستا لە كافتریایەك لە هەولێر كاردەكات، بۆ ئەوەی بتوانێ ئیقامە وەربگرێ پەنای بۆ پارێزەرێكی دیكە برد.
یەكێك لەو پارێزەرانەی كە ئاگاداری ئەو كێشەیەیە، بە (رووداو)ی گوت: "هەندێك پارێزەر كۆدی پارێزەرییەكەیان بەكاردێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی بیانی و بەناوی وەرگرتنی ڤیزە و ئیقامە پارەیەكی زۆریان لێوەردەگرن و دواتر بەجێیاندێڵن".
ئەو پارێزەرە باس لەوەش دەكات كە بەشێك لەو پارێزەرانە كۆدەكەی خۆیان دەفرۆشنەوە: "بە چەند هەزار دۆلارێك دەیفرۆشنەوە بە كۆمپانیا و كەسانێكی دیكە، ئەوانیش بۆ هەر ڤیزەیەك 85 بۆ 300 دۆلار و هەر ئیقامەیەك 1000 تاوەكو 1200 دۆلار لە خەڵكە بیانییەكە وەردەگرن، دواتریش بەدەم ئیشەكانیانەوە ناچن و پارەكانیان لێدەخۆن".
عەمید یادگار شێخ ئەنوەر، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر لەوبارەوە دەڵێت: "ئەو پارێزەرانە لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ كۆدیان پێدەدرێ و دەتوانن ڤیزە بۆ خەڵكی بیانی وەربگرن، بەڵام چەند پارێزەرێك خەڵكە بیانییەكە هەڵدەخەڵەتێنن، بەناوی وەرگرتنی ئیقامە پارەیان لێوەدەگرن و بەجێیاندێڵن، بەو هۆیەوە ماوەی مانەوەیان تەواو دەبێ و تووشی سزای دارایی و یاسایی دەبن".
گوتیشی: "ناوی ئەو پارێزەرانەمان بۆ سەرووی خۆمان ناردووە، داوامان كردووە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێ".
وەزارەتی ناوخۆ لەڕێگەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ ئەو پارێزەرانە رووبەڕووی دادگا دەكاتەوە.
كارزان عەلی، ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ دەڵێت: "ئەو پارێزەرانەی كۆدیان هەیە بۆیان هەیە مانگانە 30 تاوەكو 40 كرێكاری بیانی بێننە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەر پارێزەرێك بەناوی وەرگرتنی ڤیزە و ئیقامە بازرگانی بەو كرێكارە بیانیانەوە بكات و پارەیان لێوەربگرێت بەتوندی رووبەڕووی لێپرسینەوەی دەكەین، مانگ نییە لەسەر بابەتی ئیقامە، فرۆشتنی كۆدی پارێزەرێتی و هێنانی كرێكاری بیانی بەشێوەیەكی نایاسایی، پارێزەر و كۆمپانیا نەخەینە لیستی رەشەوە".
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای پارێزەران تاوەكو ئێستا بەسەدان پارێزەر كۆدی وەرگرتنی ڤیزەیان لە وەزارەتی ناوخۆ پێدراوە. ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەڵێت: "بەپێی رێككەوتنێكی دوو ساڵ لەمەوبەری نێوان وەزارەتی ناوخۆ و سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، ئیمتیازێك دراوە بەو پارێزەرانەی ئەندامن لە سەندیكا، ئەویش پێدانی كۆدی وەرگرتنی ڤیزەیە كە پارێزەر دەتوانێ داوای وەرگرتنی ڤیزە بۆ خەڵكی بیانی بكات".
بە گوتەی ئارام گەردی، وەزارەتی ناوخۆ كۆدی داوە بە زیاتر لە 500 پارێزەر كە بەشێكیان كار لەگەڵ كۆمپانیاكان دەكەن، بەڵێننامە بە پارێزەرەكە پڕدەكرێتەوە كە نابێت ئەو كۆدە بدرێ بە كەسێك یان بفرۆشێتەوە "بەڵام بەشێك لە پارێزەران داویانە بە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی یان كەس و هاوڕێیەكیان و ئەوانیش مامەڵەیان پێوەكردووە".
وەزارەتی ناوخۆ و سەندیكای پارێزەران رێكارەكانی پێدانی ئەو كۆدە توندتر دەكەن، ئارام گەردی دەڵێ: "پێشتر بە هەڕەمەكی كۆدەكە بە هەموو پارێزەران دەدرا، بەڵام بەپێی ئەو رێككەوتنە نوێیەی لە چەند مانگی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ كردوومانە، سیستەمێك دانراوە كە دەبێت پارێزەرەكە دوو ساڵ خزمەتی هەبێ ئینجا دەتوانێت كۆد وەربگرێ، هەروەها هەر كەسێك ڤیزەی بۆ وەردەگیرێ، ئەگەر لەماوەی 30 رۆژدا چارەنووسی دیاری نەكرێت، پارێزەرەكە بە 10 ملیۆن دینار غەرامە دەكرێ، لەڕێگەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بارزگانی بە مرۆڤەوە پەراوی لێكۆڵینەوەی بۆ دەكرێتەوە، داوای دیاریكردنی چارەنووسی بیانییەكەی لێدەكرێ و دەدرێتە دادگا".