ساڵی رابردوو11 هەزار تاوان لە سلێمانی كراوە

رووداو - سلێمانی 

بەپێی ئامارێكی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ساڵی رابردوو ساڵێكی پڕ لە تاوان بووە لەو پارێزگایە، بە جۆرێك 11 هەزار و 618 تاوانی جۆراوجۆر لە بنكەكانی پۆلیس تۆمار كراون.

سامان مەحموود، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "كێشە و لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان تەنیا لە یەك بنكەدا نییە، بەڵكو هەموو بنكەكانی ناو شاری سلێمانی لێكۆڵینەوە لە كێشە و تاوانەكان دەكەن".

بكوژەكان رزگاریان نابێت

بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی سلێمانی، كوشتنی بە ئەنقەست بەهۆی چەك لەو ساڵەدا 36 حاڵەت بووە و بەچەقۆ 7 حاڵەت بووە، بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی "زۆربەی تۆمەتبارانی كەیسی كوشتن دەستگیركراون".

جۆرێكی دیكەی تاوانەكان لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2013 دا خۆكوشتن بووە كە 56 حاڵەت لەلای پۆلیس تۆمار كراون. دیارترینیان خۆخنكاندن بووە كە 17 حاڵەت بووە و بە هەمانشێوەش خۆسووتاندن 17 حاڵەت بووە. بە گوتەی پۆلیس زۆربەی ئەوانەی خۆیان سووتاندووە ژن بوون.

 هەر لەو ساڵەدا خۆكوشتن بە چەك ، 16 حاڵەت تۆمار كراوە، حەب خواردن 2 حاڵەت و هەندێك هۆی دیكەش بۆ خۆكوشتن كە دیار نییە، 4 حاڵەت بووە.

2158 دزی كراوە

بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی باسی تاوانی دزی كرد و گوتی لە سەرەتای ساڵی 2013 دا زۆرترین تاوانبار كە دەستگیركرابوون لەسەر تاوانی دزیكردن بووە، ئەویش 2 هەزار و 158 حاڵەت بوو. زۆرترین حاڵەتیش دزیكردن لە ناو ماڵەكان بووە كە 581 حاڵەت بووە. 188 حاڵەتی دزیكردن لە ناو بازاڕ بووە، هەروەها گوتی "ژمارەیەكی زۆر لەوانەشی بەوتۆمەتە دەستگیر كراون ژنن".

 هەر بەپێی ئامارەكەی پۆلیس، 166 حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ لەو ساڵەدا تۆمار كراوە، لە ئامارەكەدا هاتووە دزینی شتی دیكە 1223 حاڵەت بووە و كۆی گشتی دزیكردن لە ساڵی 2013دا لە سلێمانی 2 هەزار و 158 حاڵەت بووە.

791 كێشەی مۆبایل

كێشەی مۆبایل یەكێكە لەو كێشانەی كە زۆرترین رێژەی تۆماركردووە لە شاری سلێمانی، ئەویش 791 حاڵەت بووە، سامان مەحموود، لەبارەی كێشەی مۆبایلەوە گوتی "ئەو تاوانانەی بە مۆبایل دەكرێت بەردەوامە و چارەسەری قورسە، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە سیمكارتی علوج كە تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە كۆنترۆڵی بكەین".

سامان گوتیشی بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشەی مۆبایل پێویستیان بە هاوكاری كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن هەیە بۆ راگرتنی سیمكارتە علوجەكان. هەر لە ساڵی 2013دا هەڕەشەكردن بە مۆبایل و هۆكارەكانی دیكە 1512 حاڵەت بووە.

34 كەس رفێندراون

 یەكێكی دیكە لەو ئامارانەی كە بڵاوكراوەتەوە رفاندنە. بەپێی ئاماری پۆلیس ساڵی رابردوو لە سلێمانی 34 كەس رفێندراون. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیس گوتی "رفاندنەكان كاری تیرۆریستی نەبووە، بەڵكو هەندێك لەو حاڵەتانە رەدووكەوتنن".

هەروەها تاوانی تەقەكرن لە نێو ئامارەكانی پۆلیسی سلێمانیدا 24 حاڵەت بووە "ئەو كەسانەی كە تەقەیان كردبێت جا مۆڵەتیان هەبووبێت یاخود نا، ئەوە دەستگیركراون بەهۆی ئەوەی كە ئارامیی شار تێكدەدات".

ئەو كەسانەی كە بەهۆی سواڵكردنەوە دەستگیركراون بەپێی ئاماری پۆلیسی سلێمانی 151 كەس بووە. سامان دەڵێت "بەپێی بڕیارێكی نوێی پارێزگاری سلێمانی ئەو كەسانەی بەهۆی سواڵكردنەوە دەستگیردەكرێن رەوانەی شارەكانی خۆیان دەكرێنەوە".

156 حاڵەتی بەدڕەوشتی

یەكێك لەو تاوانانەی كە لە ساڵی 2013 تۆمار كراوە لە بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی سلێمانی، بەدڕەوشتییە كە 156 حاڵەت بووە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی گوتی "ئەو كەسانەی بەهۆی بەدڕەوشتییەوە دەستگیردەكرێن بەپێی ماددەی (402 لەگەڵ 404 ) دادگایی دەكرێن، ئەمانەش زیاتر دەست بۆبردن لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دەگرێتەوە". 

4 هەزار سەرپێچی هاتوچۆ

لە نێو ئامارەكەدا تاوانەكان و سەرپێچییەكانی هاتوچۆش تۆماركراون، كۆی گشتی تۆماركراو لە ساڵی 2013 دا 4 هەزار و 636 حاڵەت تۆماركراوە، كە زۆرترین حاڵەتییان پێكدادانی ئۆتۆمبێل بوو و 926 حاڵەت تۆمار كراوە.

بەهمەن عەبدولڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی گوتی "زۆرترین رووداوەكانی هاتوچۆ بەهۆی تیژڕەوی شۆفێرەوەیە "هەرچەندە ئێمە بەردەوام كامێراكانمان كار دەكات تاوەكو بتوانین رووداوەكانی هاتوچۆ كەمبكەینەوە".

بەپێی ئاماری پۆلیس 218 رووداوی هاتوچۆ بەهۆی خواردنەوە كحولییەكانەوە بووە. بەهمەن عەبدوڵڵا دەڵێت "ئێمە لەڕێگەی ئامێری ئاشكراكردنی رێژەی خواردنەوەی كحولەوە دەتوانین ئەو كێشەیە كەم بكەینەوە ئەگەر كەسێك زیاتر لە رێژەی یاسایی كحولی خواردبووەوە ئەوا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت بۆ ماوەی 15 رۆژ".

79 جار دارستانەكان سووتێندراون

لە ئامارەكانی بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی سلێمانی چەند تاوانێكی دیكەی تۆمار كراون لەوانە راوكرنی بەشێویەكی نایاسایی 384 حاڵەت تۆماركراوە، هەروەها سوتاندنی دارستانەكان یەكێكە لەو حاڵەتانەی تۆمار كراوە كە 79 حاڵەت بووە. بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "كەس لەسەر سوتاندنی دارستان و پاوان دەستگیر نەكراوە". 

103 كەس ونبوون

ونبونی مرۆڤیش لە نێو ئامارەكانی پۆلیسی سلێمانیدا هەیە. بەپێی ئامارەكە لە ساڵی رابردوودا 103 حاڵەتی ونبوونی مرۆڤ هەبووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "تەنیا چەند كەیسێكی كەم نەبێت هەموویان دۆزراونەتەوە، ئەوانەش كە نەدۆزراونەتەوە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی ونبوونیان بەردەوامە".