ئیسلام بە هێز و شەڕ یان ئاشتی گەیشتووەتە کوردستان؟
رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و لێکۆڵینڤانێکی کورد بە پشتبەستن بە سەرچاوە مێژووییەکان پێیوایە ئیسلام بە شەڕ هاتووەتە کوردستان، نووسەر و لێکۆڵینڤانیێکی دیکە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، ئیسلام شەڕی کوردی نەکردووە، بەڵکو شەڕی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی کردووە، ئاماژە بەوەش دەدات پێش ئیسلام دەوڵەتی نەتەوە نەبووە، ناوی کوردیش لە سەردەمی ئیسلامەوە پەیدابووە.
لە بەرنامەی ئەمجارەی پاشیڤی تەلەڤزیۆنی رووداو، پرسی هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان و رۆڵی ئیسلام لە سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی و رۆڵی حوجرەکانی کوردستان لە پێگەیاندنی ئەدیب و شۆڕشگێڕانی کورد، بە میوانداری دوو نووسەر و لێکۆڵینڤانی کورد تاوتوێکرا.
ئیسلام بە هێز و شەڕەوە گەیشتووەتە کوردستان
نەجاد زیڤینگی، دەڵێت: "لە سەدەی حەوتەم ئیسلام بە شەڕ هاتووەتە کوردستان و خاکی ئێران، لە سەردەمی ژیانی پێغەمبەردا ئیسلام نەچووەتە دەرەوەی دوورگەی عەرەبی، هەنگاوێکی وەهاش لەسەردەمی پێغەمبەر نەدراوە، کاتێک دەشچن بۆ حەبەشە تەنیا بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان روو لە حەبەشە دەکەن، هەروەها لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا پێغەمبەر تەنیا پەیام بۆ چەند پاشەیەکی وڵاتان دەنێرێت بۆ ئەوەی ببنە موسڵمان، واتە تەنیا بانگهێشتیان دەکات بۆ ئەوەی ببنە موسڵمان. بەڵامی دوای مردنی پێغەمبەر، یەکبوونێکی بەهێز لەنێو عەرەبەکاندا دروست دەبێت، لەسەردەمی عومەری کوڕی خەتاب سوپای ئیسلام بەهێز دەبێت و روو لە دەرەوەی عەرەبستان دەکەن".
نەجاد زیڤینگی بە پێویستی دەزانێت "ئیسلام، واتە حەقیقەتی ئایین و راستی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێکەڵ بەیەک نەکەین، چونکە ئەم دووە گرێدراوی یەک نین".
بە گوتەی ئەو نووسەر و لێکۆڵینڤانە و بەپشتبەستن بە سەرچاوە مێژووییەکانی ئیسلام "لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب، ئیسلام لە رێگەی سوپاوە هاتووەتە کوردستان، نەک بە شێوەی بازرگانی و بانگخوازی. بەڵکو داوایان لێدەکەن ببنە ئیسلام ئەگەر بێت و نەبنە ئیسلام دەبێت جزیە بدەن یانیش دەبێت شەڕ بکەن".
نەجاد زیڤینگی، دەڵێت: "ئیسلام لەسەردەمی حەزرەتی عومەری کوڕی خەتاب هاتووەتە کوردستان و میژوو نووسە ئیسلامییەکان باسی ئەوەیان کردووە لەنێوان سوپای ئیسلام و کورد شەڕ روویداوە"، دەشڵێت: "هەرچەند کورد لەو سەردەمەدا دەوڵەتی نەبووە، بەڵام لەناوچەی سنوورداردا دەسەڵاتیان هەبووە و شەڕیان لەگەڵ سوپای ئیسلام کردووە".
بەڵام ئەبوبەکر کاروانی قسەکانی نەجاد زیڤینگی رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "نەتەوەگەرایی و ناسیۆنالیزم تەمەنی لە ئەوروپا 300 ساڵە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تەمەنی 140 ساڵ دەبێت. بۆیە هەموو ئەوەی لەبارەی کوردستان و کورد داگیرکردنەوە دەگوترێت، لە رووی رێباز و زانستەوە سەرلەبەری هەڵەیە".
"ناوی کورد پێش سەرهەڵدانی ئیسلام بوونی نەبووە"
ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت: "ئەوەندەی ئێمە مێژوو بزانین، لە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام شتێک بەناوی کورد بوونی نەبووە، کورد هەبووە بەڵام ناوی کورد لە مێژوودا بوونی نەبووە. هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان لە پێش ئیسلام ناوی کورد دەهێنن، وەک دەشتەکیەکانی فارس. بەڵام کە ئیسلام دێت و ئیمپراتۆریەتی ساسانی دەڕووخێنێت بۆ یەکەمجار کورد لە مێژوودا بەناوی کورد دەردەکەوێت".
کاروانی دەشڵێت: "لە ماوەی هەزار ساڵدا لە رووخانی ماددەوە تا هاتنی ئیسلام کورد لە مێژوودا غائیب بووە، بۆیەکەمجار کورد خۆی رێکدەخات و میرنشینەکان دروست دەبێت".
بە بڕوای ئەبوبەکر کاروانی ناسینی کورد بۆ دوو قۆناخ دەگەڕێتەوە "قۆناخی ناسینی کورد بەقەڵەم، قۆناخی ناسینی کورد بە شمشێر. کورد لە چوارچێوەی ئیسلامدا سوڵتانی بۆ پەیدا دەبێت وەک سەڵاحەدینی ئەیوبی".
"ئیسلام شەڕی کوردی نەکردووە"
ئەبوبەکر کاروانی ئاماژە بەوە دەدات کە ئیسلام شەڕی کوردی نەکردووە، بەڵکو شەڕی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ساسانی کردووە و دەڵێت: "دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی، زۆربەی کوردەکان بەشێوەیەکی ئاشتی بەرەو ئیسلام چوون، بەڵام پرۆسەی موسڵمانبوونی کورد چوار سەدەی خایاندووە، تاوەکو سەدەی چوارەمی کۆچی ئاتەشگاکانی زەردەشتی لە هەوارامان هەبووە".
"هزری نەتەوەیی لە سەردەمی ئیسلامدا هەبووە"
نەجاد زیڤینگی، نووسەر و لێکۆڵینڤانیش پێیوایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نەتەوایەتی هەبووە، بەڵام دوای شۆڕشی فەرەنسی بەتەواوەتی دەرکەوت. بۆ نموونە هەڵبژاردنی سەلاحەدینی ئەیوبی لە میسر وەکو وەزیر، دوای کۆچی دوایی شێرکۆ فەرماندارێکی کورد و تورکێک و سەلاحەدینی ئەیوبی یەکێک لەوانە دەیانەوێت ببێنە وەزیری میسر، بەڵام ناکۆکی لەنێوانیان دروست دەبێت. عیسا هەکاری لەگەڵ شەهابەدین خەسرۆ قسە دەکات پێی دەڵێت تۆ و سەلاحەدین لە یەک نەوتەوەن، کە ئەویش کوردە، ئەمە ئەوە نیشان دەدات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نەتەوایەتی و دژبەری لەنێوان نەتەوەکاندا هەبووە.
"تەریقەتی نەقشبەندی و قادری رۆڵی گەورەیان لە پێشخستنی ناسیۆنالیزمی کوردی هەبووە"
سەبارەت بە رۆڵی ئیسلام لە سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی، ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و لێکۆڵینڤان گوتی: "دوو حەقیقەت لە پەیوەندی نێوان کورد و ناسیۆنالیزمی ئیسلامیدا هەیە، یەکەمیان کورد بە هیچ جۆرێک لە هیچ نەتەوەیەکی ئەم ناوچە دوانەکەوتووە لە هۆشیاربوون بە نەتەوایەتی خۆی. شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بە یەکێک لە موژدە دەرە ئەمریکەیان دەڵێت، ئێمە نەتەوەیەکین لە فەرهەنگ و زمان و دیندا لە فارسەکان و تورکەکان جیاوازین، ئەمە گرنگە.. چونکە یەکێک لەو بیرۆکانەی ناسیۆنالیزم ئیشی لەسەر دەکات بیرۆکەی جیاوازییە، بیرۆکەی من پێناسەکردنە بەرامبەر ئەوەی نەتەوەییەوە، دەڵێت فەرهەنگ و زمان دەبێت بە پێوەر بۆ جیاکردنەوەی من و تۆ، واتە هەتا دوێنێ هەموومان موسڵمان بووین، سوننی بووین، عوسمانی بووین، بەڵام ئێستا پێوەرێکی دیکە دێت. دەڵێت لە ئایینیشدا لەیەک جیاوازین لەگەڵ فارسەکاندا ئێمە سوننەین و ئەوان شیعەن، لەگەڵ تورکەکاندا ئێمە شافعین و ئەوان حەنەفین. بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی و فارسی، کە لەسەر دەستی کۆمەڵێک نوخبەی سیکۆلار نا ئیسلامی، هەندێکجار کەمە نەتەواویەتیەکانی دیکەی وەکو مەسیحییەکان و جولەکەکان و ئەمانە سەریهەڵداوە، کورد لەناو چوارچێوەی سوننەتی تەقلیدی ئیسلامیدا سەرەتاکانی ناسیۆنالیزمەکەی سەریهەڵداوە، لە شێخ عوبەیدوڵڵاو بگرە، دوایی بۆ شێخ مەحموود، بۆ شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، بۆ شێخ سەعیدی پیران و بۆ قازی محەممەد".
ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت، "هەردوو تەریقەتی نەقشبەندی و قادری رۆڵی گەورەیان هەبووە لە پێشخستنی ناسیۆنالیزمی کوردی. فەزڵەکە بۆ ئەو تۆرە سوننەتیە دەگەڕێتەوە، بە پلەی یەکەم تەریقەتی نەقشبەندی دوایی تەریقەتی قادری، لە چوارچێوەی ئەو تۆرە رێکخستنە تەقلیدیەی ئیسلامیەوە ئەو رەمزە ئیسلامییە میللیانەی لە کۆمەڵگەدا هەبوون، سەرەتاکانی نەتەوایەتی کوردی لە باوەشی ئەوەدا گەشەی کردووە، دوایی لە چلەکاندا وردە وردە وردە دەگۆڕێت سیکۆلاریزم و چەپ زاڵدەبێت بەسەر ناوەندی کوردیدا کە خێرمان لێی نەبینی، لەبەر ئەوەی تاوەکو ناسیۆنالیزمی کوردی مەشرەبی ئیسلامی بوو، سەربەخۆخواز بوو، کە کەوتە ژێر هەژموونی چەپ بوو بە لامەرکەزی خواز و ئۆتۆنۆمی خواز".
"میرنشینە کوردەکان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە پێشخستنی زمانی کوردی"
سەبارەت بە رۆڵی میرنشینە کوردەکان لە پێشخستنی زمانی کوردی نەجاد زیڤینگی، دەڵێت: "میرنشینە کوردەکان رۆڵی گەورەیان هەبووە لە پێشخستنی زمانی کوردی و کوردی بووەتە زمانی زانست و عیرفان"، دەشڵێت: "یەکەم کەس بە کوردی نووسیویەتی یان میرەکانن یان لە بنەماڵەی میرەکان و بەگەکان بوون، کە شەرەفخانی بەدلیسی ئاماژە بەوە دەدات کە یەکەم کەس بە کوردی نووسیویەتی شکلییە بەدلیسی و بەگی زرگی بوون. لووتکەی ئەدەبیات و هزری نەتەوەیی کوردی مەلای جزیری و حەمەدی خانی بوونە، مەلای جزیری نووسەری میری بۆتانە، دوای ئەو ئەحمەدی خانی دێت".
"کورد ئەردۆغان بە سوڵتان نازانێت"
ئەبوو بەکر کاروانی پێیوایە لە باشووری کوردستان کورد ئەردۆغان بە سوڵتان نازانن و دەڵێت: "ئەوانەی ئەردۆغان بە سوڵتان دەزانن لەناو کورد چەند کەسێکن، من ئەندامی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بووم لە 2005، 98.8٪ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا، کەواتە کێن ئەوانەی ئەردۆغان بە سوڵتان دەزانن؟ خەڵکانێک پێیان وابوو کە داعش نوێنەرایەتی ئیسلامی دەکات، بەڵام من گوتم ئەی بۆ پێشمەرگە هێزێکی میانڕەوەی ئیسلامی نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئەو نوێنەرایەتی رۆحی ئیسلام ناکات؟ بۆ داعش نوێنەرایەتیی رۆحی ئیسلام دەکات؟".
"کورد تاکە گەلە کە بەگرێبەست چووەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی"
ئەبوبەکر کاروانی، ئاماژە بەوە دەدات کە لە مێژوودا تاکە گەل لەڕێگەی میرنشینەکانیەوە، بە گرێبەست چووبێتە ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە "کورد بووە، دوو ساڵ پێش ئێستا لە دیاربەکرد یادی 500 ساڵەی ئەو گرێبەستە کرایەوە. سوڵتانی عوسمانی نامەی سپی بۆ مەلا ئیدریسی بەدلیسی واژۆ کردو گوتی با میرنشینە کوردەکان سەردارێک بۆ کورد هەڵبژێرن، سوڵتانی عوسمانی مامەڵە لەگەڵ ئەو سەردارەی کورد بکات".
بەڵام نەجاد زیڤینگی، دەڵێت: "کوردەکان لە سەردەمی مەلا ئیدریسی بەدلیسی لە ساڵی 1514 نەچووەتە ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی، بەڵکو لە کوردستان میرنشینە کوردییەکان رووبەڕووی هێرشی سەفەوییەکان دەبنەوە، میرەکانی کورد دەگرن و دەکوژن و زیندانیان دەکەن، کورد لەو کاتەدا وەکو مانۆرێکی سیاسی رێککەوتنێک لەگەڵ عوسمانییەکان دەکات. واتە ناچنە ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی".
بە بڕوای نەجاد زیڤینگی دەوڵەتانی دەسەڵاتداری وەکو "تورک و عەرەب و فارس ناو و شێوەو شێوازی ئیسلامیان بۆ دەسەڵات و سیاسەتی خۆیان بەکارهێناوە، تاوەکو ئێستاش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەو سوودەی لێوەردەگرن. ئیسلام وەکو ماسکێک بۆ سیاسەتەکانیان بەکاردەهێنن".
"حوجرە ئەو پیاوە گەوارانەی جاران دروست ناکات"
سەبارەت بە رۆڵی حوجرەکانی کوردستان لە پێگەیاندنی ئەدیب و شۆڕشگێڕانی کورد، ئەبوبەکر کاروانی دەڵێت: "ئێستا بە داخەوە حوجرە ئەو رۆڵەی جارانی نەماوە، لەبەر ئەوەی خۆمان دەزانین زانکۆکان منافەسەیان کردووە و حوجرە لە پەراوێزدایە. حوجرە ئەو پیاوە گەوارانەی جاران دروست ناکات، وەکو نالی و سالم و عەبدولکەریمی مودەریس. حوجرە ئەو قورساییەی جارانی نییە، جاران قورسایی لەسەر ئەو بوو، ئەو گرنگیەی جارانی پێنادرێت و تەرکیزەکە لەسەر ئەو نییە. بەڵام هەر بەشدارە سەرچاوەیەکی مەعریفەی ئێمەیە، ئێستاش خەڵک هەن لە حوجرەوە پێدەگەن".
بە گوتەی ئەبوبەکر کاروانی "حیزبە ئیسلامییەکان بەشی خۆیان بەشدارن لە ئەدەبیاتێک کە دروستی دەکەن، بیرمەندە ئیسلامییەکان و رۆشنبیرە ئیسلامییە نا حیزبییەکان لە کۆمەڵگەدا ئەوانیش بەشدارن. چەندین فەیلەسوف و بیرمەندی نائیسلامیش بەشدارن لە دروستکردنی هزری مندا. ئێمە ئێستا لە دونیایەکی فراوانتردا دەژین زیاد لە سەرچاوەیەک بەشداری دەکات لە دروستکردنی مەعریفەو تێڕوانینی ئێمە".
"هزری نەتەوەیی لای کورد پێگەیشتووە و پێویستی بە حوجرە و تەریقەت نییە"
نەجاد زیڤینگیش دەشڵێت: "فارسەکان بەپێی تێگەیشتنی خۆیان فۆرمێکیان بۆ ئایین داناوە، دەتوانین وەکو شیعە ناوی لێبنێین. هەم ناسنامەی نەتەوەیی و دەسەڵات و سەرەوەری خۆیان پاراستووە. هەروەها تورکیش ئیسلامی قبووڵ کردووە، بەڵام ئیسلامیان خستووەتە خزمەت بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان. لای کورد هزری نەتەوایەتی بەشێوەیەکی مۆدێرن لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا پێگەیشتووە، پێویستی بە حوجرەو تەریقەت و قوتابخانە ئایینییەکانەوە نییە".
"گەرەنتی سەلەفییەکان ناکەم پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان بکەن"
بە بڕوای ئەبوبەکر کاروانی، "ئەوەی بەربەستە لەبەردەم مەسەلەی پرۆژەی نەتەوایەتی کوردی، نەتەوایەتییەکانن. ئەو هێزانەن کە خۆیان بە نەتەوایەتی پێناسە دەکەن. ئەوەی ئێستا جەستەی نەتەوایەتی کوردی داڕزاندووە لە کوردستاندا وایلێکردووە عەیبە باسی بکەی، تۆمەتبار دەبی بەوەی باسی کورد و قەوارەی کوردستان بکەی". دەشڵێت: "ئیسلامی لە نەوەدەکانەوە بەشێکە لە پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی، من گەرەنتی هەموو ئیسلامییەکان دەکەم، رێگا خۆش بکەن بۆ سەربەخۆیی.. هەموو ئیسلامییەکان لەگەڵتانن بەس گەرەنتی سەلەفی ناکەم، چونکە سەلەفی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی نەبووە".