دوای 40 رۆژ لە بێدەنگی؛ زەنگی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لێدرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 40 رۆژ لە بێدەنگی و دوورکەوتنەوە لە هۆڵەکانی خوێندن، جارێکی دیکە زەنگی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان لێدرانەوە.
ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی لەنێوان ئەمریکا و ئێران هاتە ئاراوە، دەرفەتی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک قوتابی رەخساند تاوەکو لەپشت شاشە ساردەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەوە، بگەڕێنەوە بۆ نێو گەرمی پۆلەکانیان.
بۆ لارین و هاوڕێکانی، ئەمڕۆ تەنیا رۆژێکی ئاسایی خوێندن نەبوو، بەڵکو ژیانەوەی دیدار و کۆتاییهاتنی دابڕانە. ئەوان کە یەکەم ئەزموونی خوێندنی ئۆنلاینیان لەژێر سێبەری دڵەراوکێدا تاقیکردەوە، ئێستا بە کۆڵەبارێک لە یادگاریی ئەو رۆژە سەختانەوە، چیرۆکی دابڕان بۆ یەکدی دەگێڕنەوە.
لارین نەشوان، یەکێک لەو قوتابیانەیە بە نیگەرانییەوە باس لە رۆژانی رابردوو دەکات و دەڵێت: "ئەو درۆن و فڕۆکانەی بەسەرماندا تێدەپەڕین، ترسێکی زۆریان لادروست کردبووین. هەرچەندە دەمانخوێند، بەڵام خوێندنەکەمان پڕ بوو لە ترس. ئەمڕۆ هەموومان لە بەردەرگە چاوەڕێی هاوڕێکانمان دەکرد و زۆر دڵخۆشین کە هەموویان سەلامەتن."
تەنیایی ناو ماڵ و دابڕان لە هاوڕێکان، گەورەترین گرفتی قوتابیان بوو لە ماوەی رابردوودا. لێوان رەنجدەر، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت: "زۆر دڵخۆشین کە گەڕاینەوە لای هاوڕێکانمان و دووبارە دەیانبینینەوە؛ دەرگەی قوتابخانەکان بەڕووی ئێمەدا کرانەوە."
هەرچەندە خوێندنی ئۆنلاین وەک جێگرەوەیەک بەکارهات، بەڵام بۆ قوتابیان هیچ شتێک جێگەی پۆل و رووبەڕووبوونەوەی مامۆستا ناگرێتەوە. ئەنەس هەژار دەڵێت: "خوێندنی ئۆنلاین باش بوو، بەڵام لە قوتابخانە زۆر باشترە." محەممەد ئەحمەدیش هەمان بۆچوونی هەیە و دەڵێت: "ئێرە خۆشترە، چونکە مامۆستاکان لەبەردەمتن و وانە دەڵێنەوە، نەک تەنیا لە ماڵەوە بیت."
لە پشت ئەم دڵخۆشییەی قوتابیانەوە، ئەرکێکی قورس کەوتووەتە سەر شانی ناوەندەکانی خوێندن. 7 هەزار قوتابخانە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئێستا خەریکی داڕشتنەوەی خشتەی وانەکانن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کاتەی فەوتاوە.
ژیار عومەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەیە و دەڵێت: "ماوەیەکی باشمان لەبەردەستە، چونکە پێشتر دوو مانگ خوێندنی نێو پۆلەکان بەڕێوەچووە. بێجگە لە خوێندنە ئەلیکترۆنییەکە، تەنیا نزیکەی 10 رۆژ خوێندن فەوتابوو. ئێستا چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەین بۆ دیاریکردنی کاتی تاقیکردنەوەکان و دەتوانین بە ئاسانی ئەزموونەکان ئەنجام بدەین."
گەڕانەوەی قوتابییان بۆ نێو پۆلەکان، هەرچەندە لەژێر سێبەری رێککەوتنێکی سیاسیی کاتیدایە، بەڵام بۆ نەوەیەک کە چاوی لە پاشەڕۆژە، پەیامی مانەوە و بەردەوامییە لە کایەی زانستدا؛ تەنانەت ئەگەر تەمەنی ئەم ئارامییەش کورت بێت.