نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە پاتریارکی نوێی کلدانی لە جیهان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مار پۆڵسى سێيه‌م نۆنا کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک پاتریارکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە جیهان و جەختی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافی پێکهاتە ئایینییەکان کردەوە.
 
لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ (12ی نیسانی 2026) بڵاوکرایەوە، نێچیرڤان بارزانی "گەرمترین پیرۆزبایی" ئاراستەی پاتریارکی نوێ کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە "ئەرکە پیرۆز"ـەکەیدا بۆ خواستووە لە خزمەتکردنی کەنیسە و پەیڕەوانی کەنیسەی کلدانی دا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مار پۆڵسى سێيه‌م نۆنای وەک "کەسایەتییەکی ئایینیی ناسراو و خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەند" وەسف کردووە و هیوای خواستووە هەڵبژاردنی ئەوان ببێتە مایەی خێر و قووڵکردنەوەی زیاتری گیانی لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن لەنێوان هەموو پێکهاتەکان دا.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە پەیامی دڵنیایی داوەتە پێکهاتەکان و رایگەیاندووە: "دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پارێزراوی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەمێنێتەوە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پشتیوانی تەواوی هاووڵاتییانی مەسیحی دەبن لە پاراستنی ماف، ناسنامە و مێژووی رەسەنیان، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی عێراقیشدا.