رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی قەزای بەردەڕەش رایدەگەیێنێت، رێکارە کارگێڕییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر سێ هەزار فەرمانبەردا لە قۆناخی کۆتایی دایە. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی گرفتی نەختینە و داراییەوە، نیوەی پڕۆژەکانی قەزاکە کارکردن تێیاندا وەستاوە.
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لە سەنتەری قەزاکە ناویان گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی.
گوتیشی: "هەموو وردبینییەکان تەواو بوون و تەنیا قۆناخی کۆتایی لەگەڵ پارێزگا ماوە بۆ دڵنیابوونەوە و وردبینی لە ناوەکانیان."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بە بەهای چوار ملیار دینار پڕۆژە تەواو کراون، بەڵام ئێستا نزیکەی 50%ی پڕۆژەکانی دیکە راوەستاون.
سیروان حەسەن گوتی: "پڕۆژەمان هەیە 40% بۆ 60%ی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە نەتوانراوە تەواو بکرێن."
سیروان حەسەن باسی پلانی گۆڕینی ناوچەی پیشەسازیی کۆنی شارەکە بۆ پارک کرد و رایگەیاند، رێکارە یاساییەکان و گۆڕینی رەگەزی زەوییەکە تەواو بووە و تەنیا چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجە دەکەن بۆ دەستپێکردنی کارەکان.
سەبارەت بە پرسی ژینگە و سەگی بێلانە، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش ئاشکرای کرد کە هەفتانە 28 تۆن خۆڵ و خاشاک لە ناو شارەکە کۆدەکرێتەوە و رەوانەی کارگەی گردەسێن دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە 8 مانگی رابردوودا زیاتر لە 1,000 سەگی بێلانەیان کۆکردووەتەوە و رەوانەی شێڵتەری هەولێریان کردوون، بەوەش رێژەی سەگی بێلانە لە ناو سەنتەری قەزاکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ