چیرۆکی ئەو هاونیشتمانییەی لە کەمپێکی پەنابەرانی یۆنان هەڵات و گیانی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای حەوت ساڵ لە چاوەڕوانی، خێزانێکی خەڵکی سلێمانی پرسەیان بۆ کوڕەکەیان دانا کە لە رێگەی کۆچ گیانی لەدەست دابوو. 
 
محەممەد تۆفیق، ئەو مێرمنداڵە تەمەن 17 ساڵانەی لە ساڵی 2019دا بە هیوای ژیانێکی باشتر رووی لە ئەورووپا کرد، بووە قوربانی یەکێک لە چیرۆکەکانی کۆچ. رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران کە بەدواداچوونی ئەم کەیسە کردووە، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە (شەهیان تەحسین) پێشکێشی دەکات، وردەکاریی ئەو گەشتەی ئاشکرا کرد کە کۆتاییەکەی "گۆڕستانی بێناونیشانەکان" بوو.
 
شایەتحاڵێک دوای حەوت ساڵ بێدەنگی شکاند
دوای ئەوەی بنەماڵەی محەممەد داوای هاوکاری لە رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەری کرد، پشدەری وێنەی محەممەدی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و گوتی: "هەر کەسێک ئەم کوڕە دەناسێت، با پەیوەندیم پێوەبکات". 
 
گەنجێک بە ناوی (کاروان) کە ئێستا لە بەلجیکایە، پەیوەندی بە رەنج پشدەرییەوە کرد و پێی گوت: "ئەو کاتەی تەمەنم 12 ساڵ بوو، لەگەڵ محەممەد لە یۆنان لە کەمپی منداڵان بووم. حەوت ساڵە وێنەکانی محەممەدم لای خۆم وەک ئەمانەت پاراستووە تاوەکو بیانگەیێنمە خێزانەکەی." 
 
بە قسەی کاروان، محەممەد لە کەمپی (پیلاکیۆ) بووە لە نزیک سنووری تورکیا. ئەو هاونیشتمانییە بۆ ئەوەی دەرفەتی مانەوەی زیاتر بێت، خۆی وەک هاووڵاتییەکی ئێرانی ناساندووە و شەوێک وێنەکانی خۆی داوەتە کاروان و پێی گوتووە: "ئەگەر شتێکم بەسەرهات، ئەم وێنانە بگەیێنەرە دەستی کەسوکارم تاوەکو بزانن لە ژیاندا ماوم یان چیم بەسەر هاتووە."
 
رەنج پشدەری بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، گەشتێکی 16 کاژێری بە پاس کردووە تا گەیشتووەتە کەمپی پیلاکیۆ و دەڵێت: "کەمپەکە وەک شارێکی گەورەی داخراو وایە، چواردەوری بە تەلی دڕکاوی و دیواری بەرز گیراوە."
 
محەممەد چی دیکە بەرگەی ژیانی نێو کەمپەکەی نەگرتووە، هەربۆیە پلانی بۆ راکردن داناوە. بۆ ئەوەی جەستەی بە تەلی دڕکاوی کەمپەکە بریندار نەبێت، پێنج بۆ شەش پانتۆڵ و چەندین چین جلی لەسەر یەک لەبەر کردووە. ئەو هاونیشتمانییە بەسەر تەلەکە و دواتر دیوارە بەرزەکەدا بازی داوە.
 
مەرگ لەنێو کێڵگەکانی برنج
دوای سێ هەفتە لە راکردنی محەممەد، کارمەندێکی کەمپەکە وێنەیەک پیشانی منداڵەکان دەدات و دەپرسێت: "کێ ئەم کوڕە دەناسێت؟" کارمەندەکە دەڵێ، هۆکاری پرسیارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
 
دەرکەوتووە کە محەممەد دوای بازدانی بەسەر دیوارەکەدا کەوتووەتە ناوچەیەکی پڕ لە چاڵ و کێڵگەی برنج. جووتیارانی ناوچەکە دوای نزیکەی سێ هەفتە تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە کە تەواوی جەستەی شین بووەتەوە و رادەستی پۆلیسیان کردووە. بەهۆی ئەوەی کەس نەبووە وەک کەسوکاری خۆی بناسێنێت، پۆلیس لە گۆڕستانێکی بێناونیشان لە ناوچەی (سوفلی( بە خاکیان سپاردووە.
 
رەنج پشدەری باس لەو ساتە دەکات کە هەواڵەکەی بە باوکی محەممەد گەیاندووە و گوتی: "کاتێک کامێرام بۆ کردەوە و شوێنەکە و چیرۆکەکەم بۆ باس کرد، رەنگی سپی هەڵگەڕا، جەرگی مرۆڤ بۆی دەبووە ئاو. باوکی حەوت ساڵ بوو چاوەڕێی هەواڵێکی کوڕەکەی بوو."
 
کەسوکاری محەممەد لە سلێمانی پرسەیان بۆ هاونیشتمانییەکە داناوە، بەڵام خەمێکی دیکە بەرۆکی گرتوون، ئەویش نەبوونی تەرمەکەیە.
 
لە ناوچەی سوفلی، گۆڕستانێک هەیە کە زیاتر لە دوو هەزار تەرمی کۆچبەری تێدا بەخاک سپێردراوە کە لە ساڵی 2019ەوە گیانیان لەدەستداوە. رەنج پشدەری دەڵێ: "ئەو تەرمانە نە ناویان هەیە و نە ناونیشان، بەڵام پۆلیس و کارمەندانی کەمپەکە دەزانن محەممەد لە کام پارچە زەوییەدا بەخاک سپێردراوە. بە منیان گوت: 'تۆ کەسوکاری نیت، ناتوانین زانیاریی زیاترت پێ بدەین'."
 
بانگەوازێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەم چالاکڤانە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنان دەکات لیژنەیەکی تەکنیکی و پزیشکی پێکبهێنن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی. 
 
ئەو هاونیشتمانییە باسی ئەوە دەکات کە "تەرمەکە هەیە و شوێنەکەشی دیارە، تەنیا رێکارێکی فەرمی و حکومی پێویستە بۆ ئەوەی پاشماوەی جەستەی محەممەد بگەڕێندرێتەوە بۆ نیشتمان و لە زێدی خۆی بەخاک بسپێردرێ."