وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکات
رووداو - هەولێر
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر و سلێمانی دەستپێبکات، بەڵام بەشێک لە جووتیاران بەهۆی درەنگکەوتنی وەرگرتنی گەنم لەلایەن سایلۆکان ناچاربوون گەنمەکانیان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕی ئازاددا ساخ بکەنەوە.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دروێنەکردن، جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرگرتنی گەنمەکەیانەوە دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبن، بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییە شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و بڕی وەرگرتنەکە زیادکرا، بەڵام ئێستا جووتیاران کێشەی وەرگرتنی گەنمیان هەیە.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پەرلەمان بڕی گەنمی وەرگیراوی لە ناوچە جێناکۆکەکان بە نزیكەی 250 هەزار تۆن دیاریکردووە. ئەو بڕە گەنمە لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەتایبەتی بەرهەمی تایبەت بە پلانی كشتوكاڵی. زۆربەی جووتیاران بەرهەمەكانیان فرۆشتووەتە بازرگانان بەهۆی دواكەوتنی وەرگرتن لەهەندێك سایلۆ".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوە کرد، "ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 192 ملیار دیناری بۆ کڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکرد. بەو پارەیە تەنیا 354 هەزار و 850 تۆنی پێکڕی".
ئەمساڵیش نرخی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەمجۆرە دیاریکراوە:
پلە یەک تۆنێک بە 580 هەزار دینار
پلە دوو تۆنێک بە 460 هەزار دینار
پلە سێ تۆنێک بە 420 هەزار دینار
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 620 هەزار تۆن گەنمە و توانای کۆگاکردنی 618 هەزار تۆنی هەیە. تاوەکو ئێستایش حکومەتی عێراقی 557 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی 2014، 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەداوە.
جوان یونس رۆژبهیانی، سهرۆكی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پەیوەندیمان بە جووتیارانی ناوچەکوردستانییەکانەوە کردووە. پێشتر ئەو گەنمەیان لێوەرنەدەگیرا بەهۆی ئەوەی دانەوێڵەیەکی شێوەی نیسکی تێدایە".
جوان یونس رۆژبهیانی باسی لەوە کرد، "بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ، پارێزگا و چاودێریی دارایی پێکهێنراوە و سەردانی زەویی جووتیارانیان کردووە، دەرکەوتووە سرووشتی زەوییەکان وایە ئەو جۆرە دانەوێڵەیەی لێ سەوز دەبێت و لەکاتی دروێنەدا تێکەڵ بە گەنمەکە دەبێت. بەو هۆیەوە ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان پاک نییە بە نرخێکی کەمتر لێیان وەردەگیرێت".
لە 10ی حوزەیراندا سایلۆی دهۆک بە رووی جووتیاراندا کرایەوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا سایلۆی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بکرێنەوە.
بە گوتەی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، لە 20ـی نیسانەوە تاوەکو حەوتی حوزەیران بڕی سێ ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە، لە کاتێکدا چاوەڕێدەکرێت عێراق ئەمساڵ شەش ملیۆن تۆن گەنم بکڕێت.