نوێنەری پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: رێوشوێنەکانی دامەزراندنی دوو لیوا هاوبەشەکە دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، دوای پەسندکردنی رەشنووسی بودجەی عێراق لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستدەکرێت بە رێوشوێنەکانی دروستکردنی ئەو دوو لیوایەی بڕیارە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دابمەزرێن و بەسەر بنکەکانی مەشق و راهێنان دابەشدەکرێن و دواتر بڵاودەکرێنەوە.
رۆژی دووشەممە 12-6-2023، عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی رەشنووسی بودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسندکرا، چاوەڕوانین لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ بکرێت بۆ ئەوەی ببێت بە یاسا و دوای ئەوە دەست بە رێکارە کردەییەکانی دامەزراندنی ئەو دوو لیوا هاوبەشە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکرێت."
عەمید روکن عادل جەبار زەنگەنە باسی رێوشوێنەکانی دامەزراندنی ئەو دوو لیوایەی کرد و گوتی: "سەرەتا دەست دەکرێ بە بانگکردنی ئەو کەسانەی لەو دوو لیوایەدا دەبن، پاشان بەسەر بنکەکانی مەشق و راهێنان دابەشدەکرێن بۆ ئەوەی راهێنانیان پێبکرێت، دوای ئەوەی پڕچەک دەکرێن و سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ دابیندەکرێت، بەپێی پێویستی بەسەر ئەو دوو لیوایە دابەشدەکرێن و لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە بڵاودەکرێتەوە."
نوێنەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد ئەو دوو لیوا هاوبەشە ناویان لیواکانی تایبەتی یەک و دوو دەبێت.
لەبارەی مەرجەعیەتی ئەو هێزانەش، روونیدەکاتەوە: "ئەو دوو لیوایە وەکو جموجۆڵ و بڵاوبوونەوە لەسەر فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق دەبن و وەکو مووچە و پڕچەککردن و شتی دیکە لەسەر وەزارەتی بەرگریین."
بەپێی ئەو رێککەوتنەی مانگی ئابی ساڵی 2021 لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا کرا، هەردوو لیوا هاوبەشەکە لەو ناوچانە بڵاودەبنەوە، کە ناوچەی بۆشایی ئەمنین لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەتایبەت بۆ رێگری لەو هێرش و پەلامارانەی داعش لەو ناوچانە ناوەناوە دەیکات. لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو پردێ بڵاودەبنەوە، لیواکەی دیکەش لە سنووری پردێ بەدواوە تاوەکو دەگاتە سنووری نێوان عێراق و سووریا.
ژمارەی ئەندامانی دوو لیواکە نزیکەی 7500 کەس دەبن، هەر لیوایەک لە چوار فەوج پێکهاتوون کە نیوەی لە پێشمەرگە دەبێت و نیوەکەی دیکەیشی لە سوپای عێراق و سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەبن، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە پێداویستی و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ی پێشمەرگە و لیوای 66ی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی لەنەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب دەبێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.