21ی حوزەیران یەکەم رۆژی هاوینە و رۆژەکەی زیاتر لە 14 کاژێرە
رووداو دیجیتاڵ
21ـى حوزەیران یەکەم رۆژى هاوینى 2025 دەستپێدەکات، رۆژەکەى زیاتر لە 14 کاژێر دەبێت، درێژترین رۆژ و کورتترین شەو تۆمار دەکرێت.
ئەو رۆژە بە گوێرەى پێوانە فەلەکییەکان، یەکەم رۆژى هاوینى ئەم ساڵە و تیشکى خۆر بەشێوەى ستوونى دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، ئەژى چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسانی کوردستان بە رووداوى گوت:" 21ى حوزەیران، درێژترین رۆژ دەبێت کە 14 کاژێر و 37 خولەکە بەرامبەر بە 9 کاژێر و 23 خولەکى شەو، کە کورتترین دەبێت لە ئەم ساڵدا".
وەرزى بەهار لە 21ى ئادار دەستپێدەکات و ماوەى سێ مانگ دەبێت، دواى ئەوە وەرزى سێ مانگەى هاوین دەستپێدەکات.
بە گوتەى ئەژى چەتۆ، یەکەم رۆژى هاوین بە گوێرەى ساڵەکان دەگۆڕێت و جێگیر نییە، رۆژێک پاش یان پێش دەکەوێت، ساڵى 2028 دەکەوێتە 20ى حوزەیرانەوە.
لە 21ى حوزەیراندا کاژێر پێنج و 42 خولەک رۆژ دەستپێدەکات کە زووترین هەڵاتنى خۆرە بەراورد بە رۆژانى دیکەى ئەم ساڵ، خۆرئاوابوون نزیک کاژێر هەشتى ئێوارە دەبێت.
ئەو فەلەکناس و شارەزایەى کەشوهەوا گوتى: "درێژیى 14 کاژێرى رۆژ نزیکەى سێ هەفتە بەردەوام دەبێت، بەڵام رۆژانە چەند خولەکێک کەمتر دەبێتەوە".
عێراق لەنێوان هەردوو هێڵى 29 و 37 دەبێت، تیشکى خۆر بە شێوەى نیمچە ستوونى لە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور دەدات و پلەکانى گەرماش بەرز دەکاتەوە.
گۆڕانى کەشوهەوا و کەمبارانى، ئەگەرەکانى گەرمتربوونى هاوینى ئەم ساڵ لە عێراق زیاتر دەکات.
دەستەى کەشناسى و بومەلەرزەزانیی عێراق خشتەیەکى بەراوردکاریى بڵاوکردووەتەوە لەبارەى پلەکانى گەرماى 12ى حوزەیرانى ئەم ساڵ و 60 ساڵ لەمەوبەرى پارێزگاکان.
زۆرترین گۆڕان بەسەر پلەى گەرماى پارێزگاى نەینەوادا هاتووە، ساڵى 1965 لەهەمان رۆژدا، 19 پلە بووە لەکاتێکدا ئەمڕۆ 26 پلەى تۆمار کردووە و جیاوازییەکەیان حەوت پلە بووە.