پۆلیسی كەركووك بڕیاری دەركردنی 600 ماڵی كوردی دەدات
رووداو- كەركووك
لەژێر ناوی سەپاندنی یاسا لە كەركووك، چەندین خێزانی كوردی نیشتەجێی گوندەكانی دەوروبەری كەركووك، هەڕەشەی دەركردنیان لەسەرە، لە نوێترین پێشهاتیشدا پۆلیسی كەركووك، هەڕەشەی دەركردنی 600 خێزانی كوردی گوندەكانی چۆپلیجە و هەنجیرە و باجوان دەكات.
موختاری گوندی هەنجیرە، گومانی لە بڕیاری پۆلیسی ناوچەكە هەیە و دەڵێت "پیلان"ێكە بۆ تەعریبكردنی گوندە كوردنشینەكانی كەركووك.
نورەدین سەعدوون، موختاری گوندی هەنجیرە بە (رووداو)ی گوت: "گوندەكەمان پێشتر كەوتبووە نێو سنووری كارەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور، ساڵی 2003 ناردیانین بۆ پارێزگا، لەوێ ئەو شوێنەیان وەكو قەرەبوو پێداین و لە ساڵی 2005 ئاوەدانمان كردەوە".
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە كۆمپانیای نەوتی باكوور یەخەی ئەو گوندنشینانەی گرتووەتەوە و چەند جارێك پۆلیس چووەتە سەریان و ئاگاداری كردوونەتەوە كە سەردانی دادگا بكەن، ئێستاش بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، هەر كاتێك دادگا بڕیاری دا دەبێ گوندەكەیان چۆڵ بكەن. موختاری هەنجیرە دەڵێت "ئەمە بیانووە بۆ دەركردنمان، ئەگەرنا بۆچی ئەوە چەند ساڵە داوای ئەو زەویانە ناكەن".
نوورەدین بەدووری نازانێ بەم نزیكانە لە گوندەكەیان دەریانبكەن، بۆیە داوا لە كۆمپانیای نەوتی باكوور دەكات هەر هیچ نەبێ قەرەبوویان بكاتەوە، چونكە ئەوان لەسەر گیرفانی خۆیان گوندەكەیان ئاوەدان كردووەتەوە.
سەرەڕای گوشارەكانی پۆلیس و دادگا و كۆمپانیای نەوتی باكوور، بەڵام هەندێك لە دانیشتووانی ئەو سێ گوندە دەڵێن بەهیچ شێوەیەك چۆڵی ناكەن.
محەممەد عەلی، دانیشتووی گوندی باجوان بە (رووداو)ی گوت: "ئێرە زێدی باب و باپیرانمانە، ئێستا گوشارمان لەسەرە چۆڵی بكەین، بەڵام ئێمە نەك بۆ حەشبی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، بۆ كەسی چۆڵ ناكەین، مەگەر خوێنەكەمان لەسەر ئەم خاكە بڕژێ".
هەر لەوبارەوە فەتحوڵڵا سەعید محەممەد، موختاری گوندی باجوان دەڵێت، دەركردنی ئەوان لە زێدی خۆیان، زیندووكردنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی بەعسە.
فەتحوڵڵا بە (رووداو)ی گوت :"ئەم سێ گوندە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و لایەنە كوردییەكانەوە ئاوەدان كراونەتەوە و قەرەبووی زەویوزارەكانیان كردووینەتەوە، پێشتر نەیانهێشت لە شوێنە كۆنەكە خانوو دروست بكەین، لەبەرئەوەی بیری نەوت و بۆڕی غازی لێبوو، ئێرەیان وەكو قەرەبوو پێداین، لەگەڵ كۆمپانیای نەوت رێككەوتنمان هەبوو، پەرژینێكیان دروستكرد و گوتیان دەتوانن لەو دیو پەرژینەكە خانوو دروست بكەن، ئێمەش بەڵێننامەمان پڕكردەوە كە سنووری پەرژینەكە نەبەزێنین".
فەتحوڵڵا پێیوایە ئەو هەڕەشەیەی لەسەریانە بۆ دەركردنیان لە گوندەكانیان، دەرهاوێشتەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرە، چونكە ئێستا كورد دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی بەسەر ناوچەكەدا نەماوە.
فەتحوڵڵا گوتی: "چەند كەسێك هەن لە پارێزگای كەركووك پێشتر سەر بە رژێمی بەعس بوون، ئێستا دەیانەوێ بڕیارەكانی رژێمی بەعس زیندوو بكەنەوە كە گوندە كوردییەكانی تەعریب دەكرد، ئەگینا بۆچی گوندە عەرەبنشینەكانی دەوروبەرمان ئاگادارییان بۆ نەهاتووە چۆڵی بكەن". فەتحوڵڵا گوتیشی: "ئێمەی دانیشتووانی ئەو سێ گوندە ژمارەمان 600 ماڵ دەبێ، لە نێوان ئەو سێ گوندەدا گوندێكی عەرەبنشین هەیە، ئەوانیش پێشتر وەكو ئێمە قەرەبوو كراونەتەوە و زەوییان وەرگرتووە، بەڵام ئەوان ئاگادار نەكراونەتەوە".
فەتحوڵڵا داوای بەهاناوەچوونی دانیشتووانی ئەو سێ گوندە دەكات و دەڵێت: "زانیاریمان هەیە لێژنەیەك لە پۆلیسی فریاكەوتن و فیدراڵی و ناوخۆ پێكهاتووە، لە بەرنامەیاندایە بە زەبری هێز دەرمانبكەن، بەڵام ئێمە بەڵێنمان داوە، خانووەكانیشمان بەسەردا بڕووخێنن، چۆڵی نەكەین".
(رووداو) چەند جارێك پەیوەندی بە پۆلیس و بەرپرسانی ئیدارەی شارەكەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری لەكارلادراوی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەڵێت ئەوان ئاگاداری هەوڵی
دەركردنی دانیشتووانی ئەو سێ گوندەن، بۆیە ئێستا لایەنە كوردییەكان و پەرلەمانتارانی كورد لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگای كەركووك لەسەر خەتن بۆ ئەوەی لەو بڕیارە پەشیمانیان بكەنەوە.