لە مەرەش ئاگر لە دارستانێکدا کەوتەوە و کۆنترۆڵکرا
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، ئاگر لە دارستانێکی پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان کەوتەوە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنترۆڵکرا.
ئاگرکەوتنەوەکە لە دارستانی شارۆچکەی 12ی شوبات کەوتەوە و شەوی رابردوو بەرگریی شارستانیی مەرەش لە کەوتنەوەی ئاگادار کرایەوە.
تیمەکان لە یەکەمین هەوڵیاندا نەیانتوانی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و هەربۆیە تیمی دیکەی بەرگریی شارستانی گەیشتنە دارستانەکە و دواجار بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 12-7-2023 کوژێنرایەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، بەڵام بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، سەرەتا لە زەوییەکی حەوت دۆنمییەوە دەستیپێکردووە و دواتر تەشەنەی سەندووە.
بەرپرسانی بەرگریی شارستانیی مەرەش دەڵێن، هەبوونی با هۆکارێک بووە کە وایکردووە ئاگرەکە بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا دوو هەزار و 43 ئاگر کەوتوونەتەوە و بەهۆیانەوە 12 هەزار و 384 دۆنم دارستان سووتاون.